ئیسرائیل: شەڕانگێزییەکانی حیزبوڵڵا ئێمەی لە پێکدادانی گەورە نزیک کردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەشت مانگە شارۆچکەی ناقورا لە باشووری لوبنان بوونەتە قوربانی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل. زۆربەی خانووەکانی شارۆچکەکە وێران بوون و یان پرسەیان تێدایە.
رەباب یازباک، دانیشتووی ناقورا لەبارەی دۆخی شارۆچکەکەیان: "ئێمە 11 کەسمان لەدەستداوە. هەموو خێزانێک لێرە کەسێکی لەدەستداوە؛ هەموو خێزانێک شەهیدێکی هەیە، ناقورا پڕە لە پرسە."
سوپای ئیسرائیل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، پلانی هێرشی فراوانی بۆ سەر لوبنان و بەئامانجکردنی پێگەکانی حیزبوڵڵای پەسندکرد، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل.
دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەو بارەیەوە دەڵێت: "شەڕەنگێزییە بەردەوامەکانی حیزبوڵڵا ئێمەی لە پێکدادانێکی گەورەتر و فراوانتر نزیک کردووەتەوە؛ پێکدادانێک کە رەنگە ئەنجامێکی وێرانکەری بۆ لوبنان و تەواوی ناوچەکە هەبێت."
ئیسرائیل جەختیکردووەتەوە: "لەسەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی سنووری باشووری لوبنانەوە، حیزبوڵڵا زیاتر لە 5 هەزار رۆکێت، مووشەکی دژە تانک، درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە."
بەهۆی شەڕوپێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵاوە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە، 473 کەس لە لوبنان کوژراون کە لانیکەم 305یان چەکداری حیزبوڵڵا و 92شیان سڤیل بوون؛ 15 سەرباز و 11 سڤیلی ئیسرائیل لە باکووری ئیسرائیل کوژراون. ئەوە جگە لەوەی لانیکەم 100 هەزار کەس لە باشووری لوبنان ئاوارە بوون و لە باکوری ئیسرائیلیش نزیکەی 60 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
ئامۆس هۆکستین، گەورە راوێژكارى سهرۆكى ئهمهريكا لەبارەی گرژییەکانەوە گوتی: "دۆخەکە زۆر هەستیارە؛ لە چەند هەفتەی رابردوودا گرژیی زیاترمان بینیوە و ئەوەی سەرۆک بایدنیش دەیخوازێت ئەوەیە رێگری لە زیادبوونی گرژییەکان بکرێت. ئەوە لەبەرژەوەندی هەموو لایەکە کۆتایی بەو ناکۆکییە بهێندرێت."
ئیسرائیل رایگەیاندووە یەکێک لە ئامانجەکانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی لە باشووری لوبنان گەڕاندنەوەی خەڵکەکەیە بۆ باکووری ئیسرائیل کە لە ئۆکتۆبەری پارەوە بەهۆی شەڕەوە 28 کۆمەڵگەی جوونشین لە ناوچەکە چۆڵکراون.