رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، پلانی هێرشی بۆ سەر لوبنان و بەئامانجکردنی پێگەکانی حیزبوڵڵای پەسندکردووە، ئەوەش دوای زیادبوونی گرژییەکانی نێوانیان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، پلانی هێرشی سەر لوبنانی پەسندکردووە. پێش کۆبوونەوەکەش ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی تووندیان لە حیزبوڵڵا کرد.
ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە هەڕەشەی لەنێوبردنی حیزبوڵڵای کرد لە رێگەی دەستپێکردنی "جەنگێکی تەواوە" دژی. کاتز گوتی: "زۆر نزیکین لەو ساتەی یارییەکەمان دژی حیزبوڵڵا و لوبنان بگۆڕین. لە جەنگی تەواودا حیزبوڵڵا لەنێودەبرێت و لوبنان بە تووندی لێی دەدرێت".
ئەم بڕیارە لە کاتێكدایە، ئیسرائیل "راگرتنێکی تاکتیکی" لە جەنگی کەرتی غەززە راگەیاندووە، ئەوەش بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ شاری رەفەح لە باشووری کەرتەکە.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە نێوەڕاست و باکووری غەززە بەردەوام دەبن.
ئەو هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 18-6-2024 حیزبوڵڵا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بە درۆن وێنەی بنکەی سەربازانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باکووری ئیسرائیل دەگرێت.
تەنیا چەند رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردوودا گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلیش دەستیانپێکردووە.
تاوەکو ئێستا 467 کەس لە لوبنان کوژراون و 304 کەسیان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. لە باکووری ئیسرائیلیش 15 سەرباز و 11 سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ