موسڵمانانی کشمیر لە كەشوهەوایەكی گەرمدا بەڕۆژوون

رووداو - كشمیر

موسڵمانانی کشمیر لە مانگی رەمەزاندا راهاتوون لە کەشێکی گەرمدا بەڕۆژووبن. پلەی گەرما لە کشمیر لە مانگی رەمەزاندا بۆ سەرووی 32 پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە لەکاتێکدا موسڵمانان زیاتر لە 16 کاژێر لە رۆژێکدا بەرۆژوو دەبن.

موسڵمانان لە هەرێمی کشمیری هیندستان لە مانگی رەمەزاندا لە کەشوهەوایەکی گەرمدا بەڕۆژوو دەبن، هەموو رۆژێکیش لە پارشێواندا نوور محەممەد، بە دەهۆڵەکەی خەڵکی سریناگاز بەئاگا دەهێنێت بۆ ئەوەی پارشێو بکەن، وەک نەریتێک کە بە سەتان ساڵە لەو وڵاتەدا باوە. 

نور محەممەد تەمەنی 62 ساڵە و سۆفییە. لە کاژێر 1:30 خولەكی شەو دەستدەکات بە دەهۆڵ لێدان. ئەو دەڵێت "ئەو کارە تەنها لەپێناو رەزامەندی خودا دەکەم، بۆیە شانازی دەکەم کە خەڵکی بە ئاگادێنم بۆ ئەوەی پارشێو بکەن و نوێژ بکەن".

مزگەوتەکانی سریناگاز لە کشمیر پڕدەبن لە نوێژخوێن، ئەوان نزا دەکەن و داوای خۆشگوزارانی لە خودا دەکەن.

دانیشتووانی ئەو ناوچەیە دەڵێن، بەڕۆژووبوون لەئەمساڵدا درێژترین بووە لە چاو سێ دەیەی رابردوو، چونکە زیاتر لە 16 کاژێر لە رۆژێکدا بەڕۆژوو دەبن، پلەی گەرماش لەو هەرێمە، کە دەکەوێتە نزیک چیای هیمالایا، دەگاتە زیاتر لە 32 پلەی سیلیزی، پێشبینیش ناکرێ بە درێژایی مانگی رەمەزان پلەی گەرما لەو ئاستە داببەزێت.

غولام محەممەد، دانیشتووی کشمیر دەڵێت "لە هەر 36 ساڵ جارێک مانگی رەمەزان دەکەوێتە گەرمترین کاتی ساڵ، پلەکانی گەرما بەرزن بۆیە دوای نوێژ لەژێر سێبەری داری مزگەوتەکان دادەنیشین".

هەرچەندە پلەکانی گەرما چێژی بازاڕکردنی بۆ خەڵکی ئەو هەرێمە نەهێشتووە، بەڵام لە رەمەزاندا بازاڕەکان پڕ دەبن لە کڕیاری خواردن و خواردنەوە، لەنێوان ئەو خواردنانەی زۆرترین خواستیان لەسەرە، خورمای هاوردەکراوە لە هیندستان، سعودیە، پاکستان و ئەفغانستان.  

بەڵام بەشێکی زۆری دانیشتوانی ئەو هەرێمە بیر لە ئاییندەی هەرێمە کێشە لەسەرەکەیان دەکەنەوە، کە هیندستان و پاکستان دەیانەوێت لە هەرێمی کشمیر باڵا دەستبن، بۆیە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بەردەوام نزا دەکەن ئاشتی بەرقەرار بێت لە هەرێمەکەیان بەتایبەتیش لە رەمەزاندا.