تورکیا: ئێران داوای هێلیکۆپتەری گەڕانی شەوانەی لێ کردووین
رووداو دیجیتاڵ
ئافاد رایگەیاند، حکومەتی ئێران بۆ گەڕان بەدوای سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی، داوای هێلیکۆپتەری تایبەت بە گەڕانی شەوانەی لە تورکیا کردووە.
سەرۆکایەتی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) کە سەر بە وەزارەتی نێوخۆی تورکیایە، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، حکومەتی ئێران لەڕێی وەزارەتی دەرەوەوە، داوای لە تورکیا کردووە هێلیکۆپتەری تایبەت بە گەڕانی شەوانەی بۆ بنێرێت. ئافاد رایگەیاند: "لە وان و ئەرزەڕۆمەوە 32 کارمەندی گەڕانی شاخەوانی و 6 ئۆتۆمبیلمان ناردووەتە ئێران. لە ئەنقەرە، دیاربەکر و کۆنیاوە تیمی 15 کەسیی گەڕانی شاخەوانی لە ئامادەباشیدان".
ئافاد راشیگەیاندووە کە دوای گەیشتنی زانیاریی رووداوی هێلیکۆپتەرەکە، راستەوخۆ هەنگاویان ناوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووسی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران نییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی خۆی راگەیاند و جەختیکردەوە کە ئامادەی هەموو جۆرە پشتیوانییەکن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 19-5-2024، رایگەیاند: "بە نیگەرانییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی ئەو رووداوەی هیلیکۆپتەر دەکەین کە 19ی ئایار لە ئێران روویداوە. هیوای سەلامەتی بۆ ئەو بەرپرسانەی ئێران دەخوازین کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان، وەزیری دەرەوەشیان لەگەڵدایە. بە وڵاتی ئێرانی برا دەڵێین؛ دواناخۆشیتان بێت".
چی روویدابوو؟
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-5-2024، بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووە پارێزگای تەورێز. لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە بە هێلیکۆپتەر بەرەو تاران دەگەڕایەوە کاتێک تووشی "نیشتنەوەیەکی دژوار" بوو.
میدیای ئێرانی دەڵێت، هەریەکە لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوە و ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژی حکومیی تەورێز و مالیک رەحمەتی، پارێزگاری شارەکە لەنێو ئەو هێلیکۆپتەرەدان کە تووشی رووداو بووە.
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ لە حوزەیرانی 2021ـەوە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە دەست.