رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا "نیگەرانیی قووڵ"ی خۆی بۆ رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت و دەڵێت: "لە ناخەوە خەمبار و نیگەرانم بۆ برای خۆشەویستم رەئیسی و شاندی یاوەری."
ئێوارەی رۆژی شەممە، 19ـی ئایاری 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەی لە کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان لەسەر رووباری ئاراس، هێلیکۆپتەرەکەی لە ناوچەی وەرزەقان لە دارستانەکانی گیزمار دیار نەما.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی ئەو وڵاتەی دەگواستەوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەردۆغان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "لە ناخەوە خەمبار و نیگەرانم بۆ برای خۆشەویستم رەئیسی و شاندی یاوەری. وەک کۆماری تورکیا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە باڵاکانی ئێران لەسەر هێڵین بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دوایین پێشهاتەکان. هەروەها بەفەرمی ئامادەی تەواومان بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هاوئاهەنگییەک راگەیاندووە."
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا ئەردۆغان دەڵێت: "بەناوی خۆم و گەلی تورکیاوە، پەیامی دڵگرانی و نیگەرانی قووڵی خۆم ئاڕاستەی حکومەت و گەلی ئێرانی دراوسێ، دۆست و برا دەگەیێنم. هیوادارم بەزووترین کات هەواڵی دڵخۆشکەر لەبارەی سەلامەتی بەڕێز رەئیسی و شاندی یاوەریمان پێ بگات."
لە کاژێر 15:30 ئێوارە بەکاتی هەولێر، گەڕان بەدوای هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران دەستیپێکردووە و بەهۆی چڕی ناوچەکە و تەمومژاویبوون و بارانبارینی چڕ تاوەکو ئێستا تیمەکان نەیانتوانیوە خۆیان بگەیەنن بە شوێنی رووداوەکە.
میدیای ئێرانی دەڵێت، هەریەکە لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوە و ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژی حکومیی تەورێز و مالیک رەحمەتی، پارێزگاری شارەکە لەنێو ئەو هێلیکۆپتەرەدان کە تووشی رووداو بووە.
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ لە حوزەیرانی 2021ـەوە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە دەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ