عێراق دەیەوێ بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەکەی سەرۆککۆمار هاوکاریی ئێران بکات

19-05-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی مانگی سووری راسپارد هەموو تواناکانیان بخەنە بەردەستی ئێران بۆ یارمەتیدان لە گەڕان بەدوای هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکۆماری ئەو وڵاتە.
 
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی مانگی سوور و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە کرد هەموو تواناکانیان بخەنە بەردەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەڕان بەدوای ئەو هەلیکۆپتەرەی کە سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێرانی تێدا بووە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای گەڕانەوەی لەسەر سنووری ئێران-ئازەربایجان تووشی رووداو بوو و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە دیار نییە.
 
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووە پارێزگای تەورێز. لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە بە هێلیکۆپتەر بەرەو تاران دەگەڕایەوە کاتێک تووشی "نیشتنەوەیەکی دژوار" بوو.
 
میدیای ئێرانی دەڵێت، هەریەکە لە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمار، حوسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوە و ئایەتوڵڵا ئەلهاشم، پێشنوێژی حکومیی تەورێز و مالیک رەحمەتی، پارێزگاری شارەکە لەنێو ئەو هێلیکۆپتەرەدان کە تووشی رووداو بووە. 
 
ئیبراهیم رەئیسیی تەمەن 63 ساڵ لە حوزەیرانی 2021ـەوە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی گرتووەتەوە دەست.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە