بێنی گانتز بۆ نەتەنیاهوو: تاوەکو 8ی حوزەیران پلانی دوای جەنگ پەسند نەکەیت کۆتایی بە کابینەکەت دێت

 
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە حەوت مانگە ئیسرائیل لە تەواوی غەززە لەگەڵ حەماس لە جەنگدایە. لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگەکە، سەرکردایەتیی ئیسرائیلیش بۆچوونیان دەگۆڕێت؛ ئێستا پلانی جەنگ بەرپرسانی حکومەتەکەی نەتەنیاهووی دابەش کردووە.
 
بێنی گانتز، وەزیر لە کابینەی جەنگی ئیسرائیل دەڵێت، "ئەگەر تۆ [بنیامین] رێگەی نیشتمان هەڵدەبژێریت و بە جێپێی هێرزڵ، بێن گۆریۆن، مناخم بینگین و ئیسحاق رابین بڕۆیت، ئەوە ئێمە هاوبەشت دەبین لەم شەڕەدا؛ بەڵام ئەگەر بڕیار بدەیت یاخی ببیت و تەواوی وڵات بەرەو نەهامەتی رەوانە بکەیت، ئەوا ناچار دەبین لە کابینەکە بکشێینەوە."
 
بێنی گانتز یەکێکە لە کەسە کاریگەرەکانی نێو کابینەی جەنگی ئیسرائیل، هۆشداریی داوەتە سەرۆکوەزیران بنیامین نەتەنیاهوو، ئەگەر پلانی دوای جەنگ تاوەکو 8ی حوزەیران پەسند نەکات، کۆتایی کابینەکەی دەبێت.
 
پلانەکەی وەزیرە ئیسرائیلییەکە بریتییە لە گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس، چەک داماڵین لە کەرتی غەززە، پێکهێنانی ئیدارەیەکی نێودەوڵەتیی سڤیل لە کەرتەکە، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە و فراوانکردنی خزمەتگوزاریی سەربازی بۆ هەموو ئیسرائیلییەک.
 
ئەم ناکۆکییە نێوخۆییە هەفتەی رابردوو تەقییەوە، دوای ئەوەی یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رەخنەی تووندی لە سەرۆکوەزیران گرت بەوەی پلانی دوای جەنگی بۆ غەززە نییە و رەتیشی نەکردووەتەوە کە ئیسرائیل لەدوای جەنگ، لە غەززە دەکشێتەوە.
 
بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بەو پرۆسەیەی لە غەززە دەستیپێکردووە. بنیامین نەتەنیاهوو رایگەیاند، "هیچ جێگرەوەیەکی دیکە بۆ سەرکەوتنی سەربازی نییە. هەر هەوڵێک بۆ بازدان بەسەر ئەو راستییەدا بە بیانوو، دابڕانە لە راستی. تاکە جێگرەوە بۆ سەرکەوتن، شکستە؛ شکستی سەربازی و سیاسییە، شکستی نیشتمانییە، بۆیە حکومەتەکەم بەو پێشنیازانە رازی نابێت."
 
بێجگە لە گوشارە ناوخۆییەکان، نەتەنیاهوو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشەوە گوشاری لەسەرە کە بە زووترین کات کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە تائێستا نزیکەی 36 هەزار فەلەستینی کوژراون، بێجگە لەوەی نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی کەرتەکەشی ئاوارە کردووە.