لووتکەی کۆمکاری عەرەبی جەخت لە "یەکگرتوویی" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شاری جەدەی سعودیە بە راگەیێندراوێکی چەندین خاڵی کۆتاییهات کە جەخت لە یەکگرتوویی نێوماڵی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە دەکاتەوە؛ هەروەها پێشوازی لە گەڕانەوەی سووریا دەکەن؛ داوا دەکەن تورکیا هێزەکانی لەنێو باشووری کوردستان و عێراق بکشێنێتەوە و دەستوەردانی میلشیا و وڵاتە بیانییەکان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچەکەشدا رەتدەکاتەوە.
دوای ئەوەی کە سووریا گەڕێندرایەوە نێو کۆمکارەکە، ئەمڕۆ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە لووتکەکەدا بەشدار بوو. 12 ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپێشاندەرانی دژی حکومەت لە لایەن سوپای سووریا کە دواتر شەڕی نێوخۆی لێکەوتەوە، ئەندامێتیی ئەو وڵاتە لە لووتکەکەدا هەڵپەسێردرا.
لە راگەیێندراوی کۆتایی لووتکەکەدا، لەبارەی سووریا هاتووە، "پێشوازی لە بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمکارەکە لەسەر ئاستی وەزیران دەکەین کە بەردەوامبوونی بەشداریی شاندەکانی حکومەتی سووریا لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکارەکە و رێکخراو و دامەزاراوەکانی لەخۆدەگرێت."
22 وڵاتەکە هەروەها هیوادەخوازن کە گەڕانەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکارەکە "پشتیوانی لە سەقامگیریی کۆماری عەرەبیی سووریا بکات، یەکپارچەیی خاکەکەی بپارێزێت و ببێتە هۆی بەردەوامبوونی سووریا لە رۆڵی ئاسایی خۆی لە نیشتمانی عەرەبیدا."
راگەیێندراوە هاوبەشەکە هاوکات جەخت لە "گرنگیی بەردەوامبوون و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ یارمەتیدانی سووریا لە پێناو تێپەڕاندنی قەیرانەکەی" دەکاتەوە، بەجۆرێک کە "لەگەڵ بەرژەوەندیی عەرەبیی هاوبەش و ئەو پەیوەندییە برایەتییانەی هەموو گەلانی عەرەبی کۆدەکاتەوە."
سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی دەستوەردانی سەربازیی تورکیا
کۆمکاری عەرەبی هاوکات سەرکۆنەی هێرشەکانی تورکیا لە نێو سنووری عێراقدا دەکات و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات "هێزەکانی دەستبەجێ و بێ هیچ مەرجێک" لە عێراق بکشێنێتەوە "چونکە ئەوە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەیی عەرەبی."
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دەستدرێژییە دووبارەبووەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین کە بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەک ئەفسەر، سەرباز و خەڵکی سڤیلی عێراقی، لە پاڵ زیانگەیشتن بە گوند و شوێنە سڤیلەکانی ناوچەکە. ئەم کارانە پێشێلکارین بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاساییشەکەی و دژی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی باشن."
راگەیێندراوەکە هاوکات ئاماژە بە پشتگیریکردنی عێراق دەکات "لە هەموو ئەو هەنگاوانەدا کە لەم بارەیەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەرییەکەی دەیانگرێتە بەر."
وڵاتانی کۆمکارەکە داوا لە "حکومەتی تورکیا دەکات کە "ئەم کارە هەراسانکەرانە رابگرێت کە دەکرێت ببنە هەڕەشە بۆسەر دروستکردنی متمانە و ئاساییش و سەقامگیریی ناوچەکە."
"رەتکردنەوەی میلشیاکان"
راگەیێندراوەکە هاوکات سەرکۆنەی دەستوەردانی گرووپە پەڕگیرەکان و وڵاتانی دیکە لە کاروباری وڵاتانی عەرەبیدا دەکات و دەڵێت:
- جەخت لە وەستاندنی دەستوەردانی بیانی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی عەرەبی دەکەینەوە.
- بە تەواوی پشتیوانیکردن لە پێکهێنانی گرووپ و میلشیای چەکدار لە دەرەوەی دامودەزگاکانی وڵات رەتدەکەینەوە.
- دووپاتیدەکەینەوە کە ململانێی سەربازیی نێوخۆیی، سەرکەوتنی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەی لێ ناکەوێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی نەهامەتیی گەلان، لەنێوبردنی دەستەکەوتەکانیان و بەربەست لەبەردەم بەدیهاتنی هیوای هاووڵاتیی وڵاتەکانمان.
دۆخی سوودان
22 وڵاتەکەی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی هەروەها دەڵێن، "بە بایەخەوە چاودێریی دۆخی سوودان و رووداوەکانی دەکەین و نیگەرانیی گەورەی خۆمان لە لێکەوتەکانی ململانێکە لەسەر ئاساییش، سەلامەتی و سەقامگیریی وڵاتان و گەلەکانمان دەردەبڕین."
راگەیێندراوەکە جەخت لە "پێویستیی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و زاڵبوونی زمانی گفتوگۆ و یەکڕیزی" لە سوودان دەکاتەوە. کۆمکارەکە هاوکات جەخت لە پشتیوانی خۆی بۆ پاراستنی "سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی" خاکی سوودان دەکاتەوە و رەتیدەکاتەوە دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتەدا بکات.
دۆسیەی ئێران
لەبارەی ئێرانیشەوە، وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی لە راگەیێندراوەکەدا پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان ریاز و تاران دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی، کردنەوەی نوێنەرایەتییە دیلۆماسییەکانیان، چالاککردنەوەی رێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
یەمەن، فەلەستین و لوبنان
راگەیێندراوەکە هەروەها جەخت لە پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن و پابەندبوون بە "یەکپارچەیی و سەروەریی" خاکی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.
لەبارەی پرسی فەلەستین، کۆمکاری عەرەبی بە "پرسێکی ناوەندی" بۆ "هەموو گەلی عەرەبی" دایدەنێت و جەخت لە "ناسنامەی عەرەبیی رۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو" وەکو "پایتەختی وڵاتی فەلەستین" دەکاتەوە و پشتگیری لە "مافی وڵاتی فەڵەستین بەسەر سەروەریی تەواوی ئەو خاکەیدا دەکات کە لە ساڵی 1967 داگیرکراوە، لە نێویاندا رۆژهەڵاتی قودس."
کۆمارەکە هاوکات هانی لایەنەکانی لوبنان دەدات بەردەوام بن لە هەوڵەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ وڵاتەکەیان و "بە زووترین کات حکومەتێک پێکبێنن و چاکسازیی ئابووری بکەن بۆ رزگاربوون لە قەیران."