بەشار ئەسەد: نابێت رێگە بدەین دەستبخرێتە نێو کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی


رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی 12 ساڵ دابڕان، بەشار ئەسەد گەڕایەوە بۆ نێو لووتکەی کۆمکاری عەرەبی. ئەسەد گوتارێکی پێشکێشکرد و داوایکرد کە رێگە نەدرێت دەستبخرێتە نێو کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی عەرەبی.
 
رۆژی هەینی، 19-5-2023، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بەشداری لە لووتکەی 32ـەمی کۆمکاری عەرەبی کرد کە لە جەدەی سعودیە بەڕێوەچوو. ئەوە یەکەمجارە دوای دەستپێکردنی خۆپێشاندانی سووریا لە 2011 ئەسەد بەشداری ئەو لووتکەیە بکات.
 
بەشار ئەسەد گوتارێکی پێشکێشکرد و لووتکەکەی بە "هەلێکی مێژوویی" بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان لە ناوچەکە ناوبرد؛ هاوکات رووی لە ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی کرد و گوتی، "بەهیوام ئەم دەرفەتە ببێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ لە ئەرکی عەرەب بۆ دروستکردنی هاوسۆزی لەگەڵ یەکدیدا، بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و پێشکەوتن لەبری جەنگ و وێرانکاری."
 
بەشار ئەسەد باسی لەوەکرد، سووریا هەمیشە بەشێک لە جیهانی عەرەبی دەبێت، بەڵام داوای لە هاوبەشەکانی کرد دەستنەخەنە نێو کاروباری نێوخۆیی یەکدی؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگە کاروباری نێوخۆ بۆ خەڵکی وڵاتەکان جێبهێڵین، چونکە خۆیان بە باشترین شێوە دەزانن چۆن بەڕێوەی ببەن."
 
لەکاتی چوونەژوورەوەی بەشار ئەسەد بۆ نێو هۆڵی لووتکەکە، ئەسەد لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسرەوە پێشوازی لێکرا. محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەش بە گەرمی پێشوازی لە ئەسەد کرد.
 
خۆپێشاندانەکانی سووریا لە 2011دا دەستیان پێکرد. بەشار ئەسەد بە تووندی رووبەڕووی خۆپێشاندەران بووەوە و دواتر گرژییەکان سەریان بۆ دروستبوونی شەڕی ناوخۆ کێشا کە بەهۆیەوە نزیکەی 500 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 23 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەیش ئاوارەبوون یان کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە کردووە.