بەرپرسانی ئەمریکا: ئیسرائیل وەڵامی ئێرانی دایەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاندووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ درۆنیان تێکشکاندووە و بەرپرسانی ئەمریکیش دەڵێن ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە نێوەڕاستی ئێران.
میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەرەبەبانی هەینی، دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە بیستراوە بەتایبەتی لەنزیک شارەکانی ئیسفەهان و تەورێز، بەڵام دواتر سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند شارێک چالاککراون و سێ درۆنیان تێکشکاندووە.
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئیسرائیل، هێرشی کردووەتە سەر ئێران، بەڵام وردەکاری هێرشەکەیان رانەگەیاندووە. ئاماژە بەوەش دەکەن ئیسرائیل، ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەمریکا نە بەشدار بووە، نە پشتگیریی کردووە.
تائێستا سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی هێرشەکانەوە نەداوە. بەڵام میدیای فەرمیی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، دەنگی سێ تەقینەوە لە شارۆچکەی قهجارڤیستان، لە باکووری رۆژئاوای شاری ئیسفەهان بیستراوە کە دەکەوێتە نزیک فرۆکەخانەی ئیسفەهان و بنکەی سەربازیی ئاسمانی.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە، ئیسرائیل بە مووشەک، ئێرانی کردووەتە ئامانج.
حوسێن دەلیریان، گوتەبێژی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاندووە ژمارەیەک درۆن "بەسەرکەوتوویی تێکشکێندراون، بەڵام هیچ هێرشێکی مووشەکی نەبووە." میدیای فەرمی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە "هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە."
بەرپرسانی ئیسرائیل، بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، هێرشەکان وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان نەکردووەتە ئامانج. ئێرانییەکانیش رایگەیاندووە هیچ بنکەیەکی ئەتۆمیی وڵاتەکەی زیانی پێنەگەیشتووە.
دەسەڵاتی فرۆکەوانیی ئێران رایگەیاند، لەدوای چەند کاژێرێک لە راوەستانیان، گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەی تارانی پایتەخت دەستیپێکردووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازی کردووەتە ئامانج، تائێستا زەرەر و زیانەکانی ئەو هێرشەی ئیسرائیل نەزاندراوە.
ئەم هێرشانەش لەدوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی شەوی 13ی نیسانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.