سوپای ئیسرائیل: لە غەززە دەستمان بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی کرد

19-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکی زەوینییان لە غەززە دەستپێکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ بۆردوومانی کەرتەکەیان کرد و نزیکەی 436 کەس کوژران.
 
رۆژی چوارشەممە (19-03-2025) سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "لە 24 کاژێری رابردوو دا، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجداری زەوینییان لە باشوور و نێوەڕاستی غەززە دەستپێکرد، ئەمەش بۆ فراوانکردنی پشتێنەی ئەمنی و دروستکردنی هێڵێکی دابڕێنەر لە نێوان باکوور و باشوور."
 
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە "سەربازەکان، توانیان کۆنترۆڵی خۆیان تاوەکو رێڕەوی نێتساریم درێژ بکەنەوە."
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە) یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیرائیل "دوایین هۆشداری"ـی دایە غەززەییەکان و گوتی "دانیشتووانی غەززە، ئەمە دوایین هۆشدارییە. ئامۆژگاریی سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێبکەن. بارمتەکان بگەڕێننەوە و حەماس لە دەسەڵات لابدەن، بژارەی دیکەتان بۆ دەکرێتەوە، لەوانەش رۆیشتن بۆ شوێنەکانی دیکەی جیهان، بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت."
 
بەگوێرەی ئەو ئاگربەستەی لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ کرا، ئیسرائیل لە رێڕەوی نێتساریم کشایەوە، کە لە نێوەڕاستی غەززەیە و کەرتەکەی دابەشی دوو کردووە. 
 
دوای کشانەوە، هەزاران ئاوارە لە نێوەڕاست و باشوورەوە و بەرەو باکووری کەرتەکە چوونەوە ماڵی خۆیان. 
 
ئیسرائیل بەرەبەیانی سێشەممە 18ـی مانگ ئاگربەستی شکاند و غەززەی بۆردوومانکرد. 
 
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند "دوای دەستپێکردنەوەی دووژمنکاریی داگیرکار و جەنگ، لە بەرەبەیانی دوێنێوە بەرگریی شارستانی تەرمی لانیکەم 436 شەهیدی گواستووەتەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە