کۆچکردنی جووەکانی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل 40% زیادی کردووە

19-03-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە و پێچەوانەی پێشبینییەکان، کۆچکردنی جووە بەریتانییەکان بۆ ئیسرائیل 40% زیادی کردووە.
 
ئەو زانیارییانە لەلایەن ناوەندی "عالیا" بڵاوکراونەتەوە، کە تایبەتە بە خستنەڕووی زانیاری لەبارەی جووەکانی دیاسپۆرا، تاوەکو لە دەرفتەکانی ژیان و کارکردن لە ئیسرائیل تێبگەن و هانی کۆچکردنیان بۆ ئیسرائیل بدەن.
 
وشەی "عالیا" لە فەرهەنگی جووەکان ئاماژەیە بە "گەڕانەوەی جوو بۆ زەمینی خۆیان"، کە مەبەستیان فەلەستینە. ئیسرائیل لە ساڵی 1948ـەوە بە فەرمی دامەزراوە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدا نراوە.
 
دوای پێنج ساڵ دابڕان، "عالیا" بۆ یەکەم جار لە شاری لەندەن پێشانگایەکی کردەوە، تێیدا ئۆفیر سۆفەر، وەزیری کۆچی ئیسرائیل؛ تسیپی هۆتۆڤێلی، باڵیۆزی ئیسرائیل لە بەریتانیا و دەیان نوێنەری "ئاژانسی جوو" بەشدارییان کرد.
 
بەگوێرەی داتاکانی "عالیا"، لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری پار، کۆچکردنی جووەکانی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل 40% زیادی کردووە.
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا یان وەزارەتی کۆچی ئیسرائیل ئاماژەی بە ژمارەی جووە بەریتانییە کۆچکردووەکان بۆ ئیسرائیلی نەکردووە.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی سیاسەتی جووەکان، جووە بەریتانییەکان لەدوای جووە ئەمریکییەکان، دووەم گەورەترین کۆمەڵگەی نێو ئیسرائیل پێکدەهێنن.
 
شەڕی حەماس و ئیسرائیل، کاریگەریی گەورەی کردووەتە سەر کۆچبەران بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئیسرائیل خۆی پشت بە کۆچی جووەکان لە جیهان دەبەستێت؛ لە کۆی زیاتر لە 9 ملیۆنی دانیشتووانەکەی، 7.6 ملیۆنیان جوون و نیوەی زیاتری ئەو ژمارەیە جووی وڵاتانی دەرەوەن کە بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.
 
لە ساڵی 2022دا و لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا، زیاتر لە 70 هەزار جووی ئەو وڵاتە بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کردووە.
 
بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023 و لە دوای زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان حکومەتی ئیسرائیل و گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکان، کۆچکردنی جووەکان لە ئەمریکا و ئەوروپا 20٪ کەمی کرد بە جۆرێک کە ژمارەیان کەمتر لە 29 هەزار و 300 کۆچبەر بوون؛ لە بەرامبەردا کۆچکردنی پێچەوانە لە ئیسرائیلەوە بەرەو وڵاتانی دیکەی جیهان، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە 900 هەزار هەڵگری رەگەزنامەی ئیسرائیلی وڵاتیان جێهێشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە