یونیسێف: زیاتر لە 13 هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 هەزار منداڵ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون.
رۆژی سێشەممە 19ی ئاداری 2024، کاترین رۆسێڵ، بەڕێوەبەری ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی باسی لە دۆخی منداڵانی غەززە کرد.
بەڕێوەبەری یونیسێف گوتی، "هەزاران منداڵ لە غەززە کوژراون و بریندار بوون، نازانین تەنانەت شوێنیشیان لە کوێیە. لەوانەیە بەشێکیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا بن."
یونیسێف رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 13 هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی جەنگی غەززەوە 9000 ژن کوژراون.
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەر سێ منداڵێکی خوار تەمەن دوو ساڵ لە غەززە، یەکێکیان بەهۆی جەنگەوە تووشی بەدخۆراکی بووە. ئەو رێکخراوە دەشڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهۆی تووشبوونیان بە بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی جەستە، لانیکەم 23 منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
بەشێکی زۆری ئەوانەی لە غەززە بەهۆی بەردەوامیی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، منداڵان بوون.
دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵ – CRC لەبارەی منداڵانی غەززە دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، زۆربەی منداڵانی غەززە تووشی زەبری دەروونی بوون؛ داواش دەکات، کار بکرێت بۆئەوەی لەڕووی دەروونییەوە پاڵپشتی لە منداڵانی غەززە بکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین، 1.8 ملیۆنیان ئاوارە بوون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان، لە برسێتیی کوشندەدا دەژین.
لە نوێترین راپۆرتی ئاژانسی یونیسێفدا هاتووە، 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون. ئاماژە بەوەش کراوە، بە نزیکەیی هەموو منداڵانی غەززە پێویستیان بە پشتیوانیی دەروونییە.
رێکخراوی Euro-Med، کە رێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ، دەڵێت، زیاتر لە 24 هەزار منداڵی غەززە، دایک یان باوکیان لەدەستداوە.
جەنگی غەززە زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس لە کەرتەکە کوژراون و بریندار بوون؛ لە کۆی 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززەش، 80%یان ئاوارە بوون.