رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
فیلیپی لازارنی، سەرۆکی رێکخراوی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئۆنروا رایدەگەیێنێت، سەرۆکی رێخکراوەکە لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ئاگادار کراوەتەوە رێگەی پێنادرێت سەردانی غەززە بکات.
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئاداری 2024، فیلیپی لازارنی، سەرۆکی رێکخراوی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی UNRWA لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە رایگەیاند، ویستوویەتی سەردانی شاری رەفەح بکات، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل ئاگادارییان کردووەتەوە، کە ناتوانێت سەردانی غەززە بکات.
لازارنی ئاماژەی بە زیانەکانی ئۆنروا لە غەززە کرد و گوتی "زیاتر لە 150 دامەزراوەمان لە غەززە بەتەواوەتی وێران کراون".
سەرۆکی ئۆنروا ئیسرائیلی بە رێگر لە کارکردنی رێکخراوەکە تۆمەتبار کرد و گوتی "ژمارەیەک لە کارمەندەکانمان دەستگیر کراون، لەکاتی لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە".
لە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگی جەنگی غەززە، دۆخی غەززە بەردەوام بەرەو خراپتر چووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام هۆشداری لەوبارەیەوە داوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندینجار رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.
لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئیسرائیل رێکخراوی ئۆنروایان بەوە تۆمەتبار کردووە، بەشێک لە کارمەندەکانیان سەر بە بزووتنەوەی حەماسن و کار بۆ بزووتنەوەکە دەکەن.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کردووە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی فەلەستینییەکان رووبەڕووی برسیێتیی تەواوەتی بوونەتەوە.
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، کە زۆربەیان سڤیل بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ