بەهۆی کوژرانی دوو کەسی سووری "لەژێر ئەشکەنجە" سێ ئەفسەری تورکیا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای هاتای تورکیا بەهۆی کوژرانی دوو هاووڵاتی سووری لە ژێر ئەشکەنجە، سێ ئەفسەری تورکیا دەستگیرکران. 
 
میدیاکانی تورکیا بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەو پارێزەرەی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکات، ئاماژەیان بەوەداوە؛ رۆژی 11ـی ئاداری ئەمساڵ، هەشت هاووڵاتی سووریا لە وڵاتەکەیانەوە بەقاچاخ چوونەتە پارێزگای هاتای، لەوێ لەلایەن هێزەکانی جەندرەمەی تورکیا لە بنکەی جەندرمە دەستبەسەرکراون و بە قورسی ئەشکەنجەدراون. 
 
دوو لەو سوورییانە تەمەنیان 17 ساڵە و یەکێکی دیکەشیان تەمەنی 50 ساڵە. لە هەشت کەسەکە دووانیان سووتەمەنییان دەرخوارد دراوە و گیانیان لەدەستداوە.
 
مازن عەلووش، بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکان لە دەروازەی بابولهەوا رۆژی یەکشەممە، 12-3-2023 لەبارەی رووداوەکە لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندبوو "بەرەبەیانیی یەکشەممە، دەروازەکە گرووپێک هاووڵاتیی وەرگرتەوە کە لە هەشت کەس پێکهاتبوون، یەکێکیان تەرم بوو و حەوت کەسی دیکەشیان شوێنەواری برین و شکانی قورسیان هەبوو. ئەو کەسانە ویستبوویان بە نایاسایی بچنە خاکی تورکیاوە، بەڵام لەلایەن جەندرمەوە لێیاندرابوو و ئەشکەنجەدرابوون".
 
بەگوێرەی میدیاکانی سووریا، یەکێکی دیکە لەو گەنجانەی ئەشکەنجەدراوە، دواتر لە نەخۆشخانە لە سووریا گیانی لەدەستداوە و، دوانی دیکەشیان لە بەشی چاودێریی چڕ خەوێندراون.  
 
دوای گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، داواکاری گشتیی رەیحانلی بە تۆمەتی "کوشتنی مرۆڤ" لێکۆڵینەوەی دەستیپێکردووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەشدا دوو ئەفسەر و یەک ئەفسەری پلە یەک دەستگیرکراون. سێ سەربازیش دوای وەرگرتنی گوتەکانیان، بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون. 
 
یەکێک لەو سەربازانە کە لە خاڵی سنووری لە ئەرکدا بووە، لە گوتەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو سوورییانە دوای ئەوەی سواری ئۆتۆمبێل کراون و گوازراونەتەوە بۆ بنکەی جەندرمە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا ئەشکەنجەدراون و گوێی لە دەنگیان بووە. 
 
ئەو دوو سوورییەی ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی سووریا لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراون، سکاڵاکارن و لە گوتەکانیاندا ئاماژەیان بەوەداوە، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە ئەشکەنجەدراون، دیزل ـیان دەرخوارد دراوە و دوو کەس لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.