ئیسرائیل شاری سەیدای لە لوبنان بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمی لوبنان رایدەگەیێنێت، کە ئەمڕۆ دووشەممە، لانیکەم دووجار سوپای ئیسرائیل شاری سەیدای لە نزیک کەناراوەکانی لوبنان بۆردوومان کردووە.
میدیای فەرمی لوبنان (NNA) بڵاویکردەوە، "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشییان کردووەتە سەر شارۆچکەی غازییە لە شاری سەیدا".
میدیای فەرمی لوبنان ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بۆردوومانەکە ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج و دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام زانیاری لەبارەی زەرەر و زیانەکانی بۆردوومانەکە ئاشکرا نەکردووە.
دانیال هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە هێرشەکەی سەر شاری سەیدا کرد و گوتی، "درۆنێکی حیزبوڵڵامان لە نزیک شاری تەبرییەی ئیسرائیل دەستنیشان کرد و لە بەرامبەر ئەو چالاکییەدا هێرشمان کردە سەر کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی لە نزیک شاری سەیدا".
بە ڤیدیۆ؛ چەند بۆردوومانێکی سەختی ئیسرائیل بۆ سەر "چەند ئامانجێک" لە گوندی غازییەی باشووری لوبنان pic.twitter.com/n1ETHQngeD
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 19, 2024
ئەوە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە فەرماندەیەکی حیزبوڵڵا و جێگرەکەیان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان کوشتووە.
هەینی رابردوو، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل دەبێت باجی هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بدات و گوتیشی، "ئێمە مووشەکی وامان هەیە کە دەتوانێت بگات بە هەر شوێنێکی ئیسرائیل".
لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە، واتە دوای هەڵگیرسانی جەنگی سەر غەززە لە ئەنجامی هێرشی حەماس بۆ سەر پێگە ئیسرائیلییەکانی دەوروبەری کەرتە فەلەستینییەکە، هێرشی ناوبەناو لە نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان روویداون و لەوکاتەوەش لانیکەم 200 کەس لە لوبنان کوژراون، کە 10یان هاووڵاتی سیڤیلن و لە ئیسرائیلیش بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن، شەش سەربازی سوپا کوژراون.