ئیسرائیل: لە مانگی رەمەزانیشدا شەڕ بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریدا، ئەگەر سەرجەم بارمتەکانیان لە غەززە ئازاد نەکرێن، ئەوا جەنگ لە مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی جەنگی وڵاتەکەی رایگەیاند، سوورن لەسەر درێژەدان بە شەڕی غەززە.
شەڕی غەززە زیاتر لە چوار مانگە بەردەوامە. نەتەنیاهوو گوتی، "تاوەکو ئەوکاتەی سەرکەوتنی تەواو بەدەستدەهێنین ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن، لەنێویشیاندا ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەی شاری رەفەح لە باشووری کەرتەکە".
سەرەڕای گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی ئەو جەنگەی تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 29 هەزار فەلەستینی و ئاوارەبوونی لانیکەم ملیۆنێک و 400 هەزاری دیکە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنیداوە تاوەکو کۆتاییهێنان بە چەکدارانی حەماس و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، شەڕ بەردەوام بێت.
رۆژی 18ی شوباتی 2024، کابینەی جەنگی ئیسرائیل کۆبووەوە و بێنی گانتس، کە ئەندامی باڵای ئەو کابینەیەیە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە ئۆپەراسیۆنی رەفەح لەسەر سنووری میسر دەستپێبکات کە ئیسرائیلییەکان بە دوا خاڵی بەهێزی چەکدارانی حەماسی دەبینن.
گانتس گوتی، "دەبێت جیهان بزانێت و سەرکردەکانی حەماسیش بزانن، ئەگەر تاوەکو رەمەزان بارمتەکان نەگەڕێنەوە، شەڕ لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبێت، لەنێویشیان رەفەح. ئێمە بەشێوەیەکی ورد ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەکەین و رێگەخۆش دەکەین بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن خەڵکی سڤیلەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئەمریکی و میسرییەکان لە گفتوگۆداین و دەمانەوێت تاوەکو بتوانرێت کەمترین زیان بە خەڵکی سڤیل بگات".
گانتس هەروەها باسی لەوە کرد، "حەماس بژاردەیەکی لەبەردەمە، دەتوانن خۆیان بەدەستەوە بدەن، بارمتەکان ئازاد بکەن و خەڵکی سڤیلی غەززە بە خۆشی رەمەزان بەسەربەرن".
تائێستا دیارنییە ئیسرائیل پلانی چییە لە ئەگەری دووبارە ئاوارەبوونی غەززەییەکان لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەفەح و ئاوارەکان بۆ کوێ بچن؟ بەڵام بەرپرسانی میسری چەندین جار دووپاتیانکردووەتەوە کە ئەوان ئامادە نین ئاوارەی غەززە وەربگرن.