ئەمریکا: حووسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتییەکمان


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئەمریکا رایگەیاند، چەکدارانی حووسییەکان دوو مووشەکیان ئاراستەی کەشتییەکی بارهەڵگری ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن کردووە، بەڵام هێرشەکە "هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە و بەر کەشتییەکە نەکەوتووە"؛ لە بەرامبەردا، حووسییەکان دەڵێن، هێرشەکەیان ئامانجەکەی خۆی پێکاوە. 
 
شەوی پێنجشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، حووسییەکان دوو مووشەکی بالیستییان ئاراستەی کەشتییەکی بارهەڵگریی ئەمریکا لە کەنداوی عەدەن کردووە، بێ ئەوەی "هیچ زەرەرێکی لێبکەوێتەوە." 
 
لەبارەی هێرشەکەوە، سێنتکۆم دەڵێت: "لە کاژێر 09:00ـی شەو [بە کاتی سەنعا]، تیرۆریستانی حووسییەکانی نزیک لە ئێران، دوو مووشەکی بالیستی دژی کەشتییان ئاراستەی کەشتییەکی ئەمریکی کردووە. مووشەکەکە کەوتووەتە نێو دەریاکەوە و بەر کەشتییەکە نەکەوتووە و هیچ زەرەر و زیانێکیش بەر ستاف و کەشتییەکە نەکەوتووە." 
  
لە بەرامبەردا، حووسییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکیان لەبارەی هێرشەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان، بە چەند مووشەکێک کەشتییەکی ئەمریکیان کردووەتە ئامانج و راستەوخۆش ئامانجەکەیان پێکاوە. 
 
ئەو کەشتییە بارهەڵگرە ماددەی کیمیاوی بارکردووە و ویستوویەتی لە سعودیەوە بەرەو کوێت بڕوات.
 
ئەم هێرشەی حووسییەکان، لە دوای چەند کاژێرێک لە گەڕێکی نوێی هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر بنکە و پێگەی حووسییەکان لە یەمەن هات، کە ئەوە چوارەم جارە ئەمریکا حووسییەکان لە یەمەن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دەکاتە ئامانج. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن، لە 19ی تشرینی دووەمی 2023وە، حووسییەکان 29 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانیییەکانی نێو دەریا سوور و کەنداوی عەدەن کە 12%ـی بازرگانیی جیهان بەو رێڕەوە نێودەوڵەتییەدا تێدەپەڕێت. 
 
حووسییەکان دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ تۆڵەکردنەوەیە لەو هێرشانەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە. 
 
پێش هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا، شەوی پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە هێرشەکانیان هێشتا کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە کە هێرشی حووسییەکان رابگرێت، گوتیشی: "ئایا ئێمە بەردەوام دەبین؟ بەڵێ." 
 
رۆژی پێنجشەممە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی رایگەیاند، هێزەکانیان دوو مووشەکی دژە کەشتییان کردووە ئامانج کە لەوبڕوایەدابوون بۆ هێرشکردن لە باشووری دەریا سوور ئامادە بکرێن.