نەتەنیاهوو: بە ئەمریکییەکانم گوت پێویست بکات، بە نینۆکەکانمان شەڕ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بە ئەمریکییەکانی گوتووە ئەگەر پێویست بکات لە ئەگەری راگرتنی چەک، بە نینۆکەکانیان شەڕ دەکەن؛ دەشڵێت، جەنگی ئەوان لەگەڵ یەک بەرەیە کە ئێرانە و پێویست پرۆگرامی ئەتۆمییان لەنێو بچێت.
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەردوو لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری کۆبووەوە. نەتەنیاهوو رایگەیاند: "جۆ بایدن هەڕەشەی لێکردین ئەگەر هێرشی زەوینی بکەینە سەر رەفەح، ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رادەگرێت. من بە ئەمریکییەکانم گوت، ئەگەر پێویست بکات بە نینۆکەکانمان شەڕ دەکەین."
نەتەنیاهوو باسی حەماسی کرد و گوتی: "ئەوەی حەماس دەیەوێت ئاگربەستێکە بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێت و سوپای ئیسرائیل لە کەرتەکە بکشێنەوە، بۆ ئەوەی دووبارە دەسەڵات و هێز بگرنەوە دەست. بەهیچ شێوەیەک و لە ژێر هیچ هەلومەرجێک رێگە بەوە نادەم."
نەتەنیاهوو داوایکردووە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 21-11-2024 پلانێکی بۆ ئامادە بکەن، لەسەر دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ حەماس بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە. هەر لە باسی حەماس، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە پەرلەمانی گوت: "توانیومانە لە رووی سەربازییەوە لە حەماس بدەین، بەڵام هێشتا زیانی پێویستمان بە فەرمانڕەوایەتیی حەماس نەگەیاندووە و لە دەسەڵاتن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەروەها باسی ئێرانی کردووە و رایگەیاندووە: "جەنگی سەرەکیی ئێمە لە یەک بەرەی سەرەکییە ئەویش ئێرانە. ئەوانە بە سێ شێوە مایەی هەڕەشەن: چەکەکانیان لە ناوچەکە، مووشەکەکانیان و پرۆگرامی ئەتۆمییان."
نەتەنیاهوو بە دوو لیژنەکەی گوتووە، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا قسەی کردووە و هەردووکیان هاوڕابوون لەسەر کۆتاییپێهێنان بە هەڕەشەکانی ئێران. "ئێمە ناتوانین لە ئێران ببەینەوە تاوەکو کۆتایی بە پرۆگرامی ئەتۆمییان نەیەت."
لەباسی حیزبوڵڵای لوبنان، نەتەنیاهوو رایگەیاند: "داوا دەکەین مافی ئەوەمان پارێزراوبێت، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دژی حیزبوڵڵا بکەین بۆ ئەوەی رێگە لە بەهێزبوونیان بگرین." بۆ ئەمە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانی بۆ ئەودیو رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان بکشێننەوە.