بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە قوتابخانەکانی بەیرووت داخران

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی چاوەڕاننەکراو هێرشی کردە سەر نێوەڕاستی بەیرووت و شەش کەس کوژران، قوتابخانەکانی پایتەختی لوبنان داخران. مامۆستایەک دەڵێت، بەو دۆخە راهاتوون.
 
رۆژی دووشەممە 18-11-2024 وەزارەتی پەروەردەی لوبنان رایگەیاند، قوتابخانەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای بەیرووت بۆ ماوەی دوو رۆژ دادەخرێن.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی نێوەڕاستی بەیرووت، لەکاتێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر بۆ سەر باشووری بەیرووت و باشووری لوبنان بوون. لە دوو هێرشدا شەش کەس کوژران؛ یەکێک لەوان محەممەد عەفیف، سەرۆکی پەیوەندییەکانی حیزبوڵڵا بوو.
 
رەنا ساحڵی، یاریدەدەرى بەرپرسی پەیوەندییە رۆژنامەڤانییەکانى حیزبوڵڵاى لوبنانی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، محەممەد عەفیف لە بۆردوومانکردنى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى حیزبوڵڵا دا لەگەڵ ئەندامانی تیمى ئەو نووسینگەیە کوژراوە. محەممەد عەفیف و ئەندامانی نووسینگەکەى لە ناوچەى رەئس نەبع کوژران. 
 
رەنا ساحلی گوتى: "تاوەکو ئێستا تەرمى محەممەد عەفیف لەژێر داروپەردوو دەرنەهێندراوە."
 
محەممەد عەفیف ساڵى 2014 وەکو بەرپرسى پەیوەندییە رۆژنامەڤانییەکانى حیزبوڵڵاى لوبنانى دەستبەکار بووە، کە باڵاترین دەسەڵاتى رۆژنامەڤانى ئەو حیزبە شیعییەی لوبنانە.
 
بەر لەوەى ئەو پۆستە وەربگرێت، لە کەناڵى مەنارى سەر بە حیزبوڵڵا کارى کردووە و راوێژکارى رۆژنامەڤانیى حەسەن نەسروڵڵا، ئەمیندارى پێشووى حیزبوڵڵا بووە، کە 27ـى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ لە بۆردوومانێکى ئیسرائیل دا کوژرا. ئەمڕۆ دووشەممە، تەرمی عەفیف لە شاری سەیدا لە باشووری لوبنان نێژرا.
 
سوپای رایگەیاند، عەفیفیان کوشتووە؛ بەڵام باسی هێرشی دووەمیان نەکرد کە نێوەڕاستی بەیرووتی کردە ئامانج. ئیسرائیل رایگەیاند، لە 36 کاژێردا 200 ئامانجیان لە لوبنان پێکا، لەوانەش باشووری بەیرووت "کە مۆڵگەی حیزبوڵڵایە."
 
شوکری فوئاد، خاوەن دووکانە و گوتی: "لە چارەکە کاژێرێکدا کار و کەسابەتی هەموو ژیانمان لەدەستچوو."
 
هێبا، مامۆستایە و ئێستا بە ئۆنلاین وانە دەڵێتەوە، بە داخرانی قوتابخانەکان نەحەپەساوە و گوتی: "ئێمەی لوبنانی لەو دۆخە راهاتووین، بەڵام تێناگەین ئەمە چۆن کۆتایی پێدێت. ئێستا هیچ شوێنێک ئارام و سەلامەت نییە، دەکرێت لەنێو ماڵەکەی خۆتدا بیت و بۆمبێکت بەرکەوێت."
 
بەهۆی جەنگی 13 مانگەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کە لە 08-10-2023 دوای جەنگی غەززە دەستیپێکرد و لە ئەیلوولی ئەم ساڵ بۆردوومانەکان زیاتر بوون، زۆربەی قوتابخانەکانی لوبنان کراونەتە پەناگە و خەڵکی تێدا دەحەوێندرێنەوە.
 
جەنگەکە بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار قوتابی لە لوبنان لە خوێندن داببڕێن، نزیکەی 870 قوتابخانەش داخراون.
 
حکومەتی لوبنان دەڵێت، زیاتر لە سێ هەزار و 480 کەس لە لوبنان لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە کوژراون، زۆربەی ژمارەکەش لە ئەیلوولی 2024ـەوە تۆمارکراوە. 
 
هەر ئەمڕۆ 18-11-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گورزێکی مووشەکی لە لوبنانەوە بە ئاراستەی باکووری ئیسرائیل تەقێندران، "سیستمیی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەش توانی بەشێکیان بەرپەرچ بداتەوە."
 
هەفتەی رابردوو لوبنان رایگەیاند، پێشنیازێکیان لەلایەن ئەمریکاوە پێگەیشتووە کە باسی ئاگربەستی نێوان دوو لایەنەکە دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ترووسکاییەک نییە.