تورکیا رێگە نادات فڕۆکەی سەرۆکی ئیسرائیل بە ئاسمانەکەیدا بڕوات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هۆکاری راستەقینەی بەشدارینەکردنی سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆنفرانسی COP29 لە ئازەربایجان، داخستنی ئاسمانی تورکیا بووە بەڕووی ئەو فڕۆکەیەی کە ئیسحاق هێرزۆک-ی دەگواستەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان لە راگەیێندراوێکدا هۆکاری بەشدارینەکردنی ئیسحاق هێرزۆک، سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆنفرانسی کەشوهەوا COP29ی باکووی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، تورکیا ئاسمانی بەڕووی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا داخستووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، تورکیا داخستنی کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەی Wing of Zion پشتڕاستکردەوە، کە سەرۆککۆماری ئیسرائیلی دەگواستەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت بەوەی پاساوی دۆخی ئەمنییان هێنابووەوە بۆ بەشدارینەکردنی هێرزۆک لە کۆنفرانسەکەدا و رایانگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی بۆ پاراستنی گیانی سەرۆک و شاندە دیپلۆماسییەکان لە ئارادا نییە و لە بەرزترین ئاستدا رێکاری ئەمنی گیراونەتەبەر.
 
رۆژنامەی یەدیعۆت ئاحرانۆت-ی ئیسرائیل لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، پاساوی دۆخی ئەمنی بۆ بەشدارینەکردنی سەرۆککۆماری ئیسرائیل لە کۆنفرانسی COP29 بەرپرسانی ئازەربایجانی توڕە و نیگەران کردووە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان رایانگەیاندووە، شاندی دیپلۆماسی ئیسرائیل کە لە ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسانی ئیسرائیل پێکهاتبوون، رۆژێک پێشتر بە هێڵی ئاسمانیی جۆرجیا، چوونەتە باکوو، "ئەگەر هێرزۆک نیازی بەشداریکردنی هەبووایە دەیتوانی بە هەمان رێڕەوی شاندەکە بچێتە ئازەربایجان."
 
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری پار، گرژیی لە پەیوەندییەکانی تورکیا - ئیسرائیل دروستکرد. تورکیا پەیوەندییە سیاسییەکانی بۆ ئاستی یاریدەدەری کۆنسووڵ دابەزاند و پەیوەندییە بازرگانییەکانیشی لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەڵپەسارد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە