ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردە سەر باکووری غەززە؛ 'حەماس خۆی رێکخستووەتەوە'

 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل هێرشیکی ئاسمانی کردە سەر باکووری کەرتی غەززە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، تەقینەوەی گەورەی هێرشەکە لە ئاسۆی کەرتی غەززەدا بینرا.
 
چەند کاژێرێک پێش ئەوەش، ئیسرائیل لە هێرشێکدا لە بەیت لاهیای کەرتی غەززە، لانیکەم 34 کەسی کوشت.
 
حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە بەیت لاهیا گوتی، دەیان کەسی دیکە لە هێرشەکەدا بریندار بوون و پێدەچێت چەندین کەسیش لەژێر داروپەردوودا مابنەوە.
 
دانیشتووانی بەیت لاهیا دەڵێن، ئیسرائیل لە هێرشەکەدا ماڵی خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج.
 
راگەیێندراوێکی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو هێرشانەدا "پێگەی تیرۆریستان"یان کردوونەتە ئامانج.
 
ئیسرائیل جارێکی دیکە دەستی بە هێرشی بەرفراوان کردووە بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە و دەڵێت، لەوێ حەماس خۆی رێکخستووەتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە کوژرانی دوو سەربازی لە باکووری کەرتی غەززە راگەیاند.
 
رۆژی یەکشەممە، 15 کەس لە نێوەڕاستی غەززە و 5ی دیکە لە رەفەح لە باشووری کەرتەکە، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران.
 
لە سەرەتای جەنگەوە، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، لانیکەم 43 هەزار و 846 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، 70٪یان ژن و منداڵ بوون.