هاووڵاتییانی غەززە بەهۆی نەبوونی غاز و کارەباوە بە ئاگری کاخەز و دار خواردن ئامادە دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی هەموو رۆژێک، حاجی حەفسە کە لەگەڵ خێزانەکەی ئاوارەی باشووری کەرتی غەززە بوونە، بەهۆی نەبوونی غاز و کارەبا، بە کاخەز و چیلکەدار ئاگر دەکاتەوە و نان دروست دەکات بۆ ئەوەی ژەمی بەیانییان ئامادەبکات. 
 
حەفسە ئەبوحەمام، هاووڵاتییەکی غەززەیە و دەڵێت، "ئەمە نەهامەتیی رۆژانەمانە، بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل هەموو شتێکمان لەدەستداوە. سەرباری ئەمەش بەختمان هەیە، بەهۆی ئەوەی لە خان یونس حەشارگەیەکمان دۆزیوەتەوە و تێیدا نیشتەجێ بووین. بەهۆی نەبوونی غاز و کارەبا، ناچارین لەسەر ئەم رێگایە ئاگر دەکەینەوە و نان دروست دەکەین. بۆ کۆرپەکانمان شیرمان دەست ناکەوێت و ئاوارەیی لەژێر جەنگدا خەمێکی گەورەیە."
 
حەسەن و خوشک و براکانی لە دروستکردنی ناندا یارمەتی دایکیان دەدەن بۆ تێرکردنی منداڵەکانیان. ئەمە دیاردەیەکە رۆژانە دەبینرێت. 
 
حەسەن ئەبوحەمام، هاووڵاتیی غەززە دەڵێت، "هەندێکمان لە ماڵی کەسوکارەکانمان دەمێنینەوە، بەشێکیشمان لەم گۆڕەپانە کراوەیەدا خۆمان حەشار دەدەین، ناچارین وا بکەین، وەک چۆن ناچارین لەسەر ئەم رێگایەدا نان دروست بکەین. بەهۆی نەبوونی غاز و کارەبا، هیچ شتێکمان نییە بیکەین. 
 
دیمەنی نەهامەتییە رۆژانەکەی خەڵکی غەززە بۆ دەستکەوتنی بچووکترین پێداویستییەکانی ژیان، دیاردەیەکە هەمووانی نیگەران کردووە و کات و هەوڵی زۆری دەوێت بۆ ئامادەکردنیان. 
 
محەممەد نەجار، هاووڵاتییەکی دیکەی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "کاژێر هەشتی هەموو بەیانییەک دێینە ئێرە بۆ ئەوەی ئاو کۆبکەینەوە. بەهۆی قەرەباڵخییەوە، لانیکەم دوو کاژێر چاوەڕێ دەکەین و کەمێک ئاومان دەست دەکەوێت." 
 
غەززە، بەدەست نەمان و کەمبوونەوەی زۆری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دەناڵێنێت، نەهامەتییەکە زۆربەی زۆری دانیشتووانی کەرتەکەی گرتووە. 
 
بەردەوامبوونی جەنگی ئیسرائیل لە دژی غەززە، دۆخی خەڵکی ئەم کەرتەی بە رادەیەک ئاڵۆزکردووە، زۆر بە سەختی دەستیان بە بچووکترین پێداویستی ژیان دەگات.