سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا: دژی ئاوارەکردنی زۆرەملێی فەلەستینییەکانم
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لەگەڵ سەرۆکی میسر گفتوگۆیان لەبارەی جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت کرد.
رۆژی شەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2023، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبوونەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دژی ئاوارەکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییانی فەلەستینە". هاوکات، دەشڵێت سوپاسی میسری کردووە کە رۆڵی سەرەکیی لە دابینکردن و ئاسانکاریی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتییانی کەرتی غەززەدا بینیوە.
لە بڵاوکراوەکەیدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکی میسر گفتوگۆیان لەسەر "قەیرانی مرۆیی بەردەوامی غەززە" و "ئاسۆی سیاسی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی" کردووە.
محەممەد عەبدل فادڵ، پارێزگاری سینا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن "ئەمڕۆ سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەردانی دەروازەی سنووری رەفەح بکات، پاشانیش لەنزیکەوە چاودێری دەروازەکە و گەیشتنی هاوکارییەکان بە کەرتی غەززە بکات و چاویشی بەو بریندارانە بکەوێت کە پێشتر بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە گواسترابوونەوە."
سەردانەکەی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ میسر لەکاتێکدایە کە 43 رۆژە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە. راستەوخۆش دوای دەستپێکی جەنگەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل داوایان لە هاووڵاتییانی باکووری کەرتی غەززە کرد ناوچەکانیان بەرەو باشووری کەرتەکە چۆڵبکەن.
بەهۆی دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە ئیسرائیل گەمارۆی خستەسەر کەرتی غەززە. بەڵام، رۆژی 21ی تشرینی یەکەم ئیسرائیل دەروازەی رەفەحی نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیلی کردەوە و رێگەی بە گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی سنووردار بۆ کەرتی غەززەدا، لەنێویشیاندا دەرمان، خۆراک و ئاو. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، تاوەکو ئێستا کەمتر لە هەزار و 500 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتوونەتە کەرتی غەززە و ئەمەش تەنیا بەشی پێویستی 7٪ی ئەو کەسانە دەکات کە پەنایان بۆ پەناگەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بردووە.
دواتریش رۆژی یەکی تشرینی دووەم ئیسرائیل رێگەی بە گواستنەوەی بەشێک لە بریندارانی کەرتی غەززەدا بۆ نەخۆشخانەکانی میسر بگوازرێنەوە .
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە نزیکەی 14 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، بەهۆی جەنگەکەوە زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەسی کەرتی غەززە ئاوارە بوون.