ئیسرائیل کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفای لە غەززە لە نەخۆش، بریندار و کارمەندانی چۆڵکرد

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەربازانی ئیسرائیل گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە و تانک و زرێپۆشەکانیان گەمارۆی کۆمەڵگە پزیشکییەکەیان داوە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت، لەژێر هەڕەشەکانی ئیسرائیل، بەتەواوی چۆڵیان کردووە.
 
چەند رۆژێکە ئیسرائیل بە چەندین زرێپۆش، تانک و چەکی قورسەوە گەمارۆی کۆمەڵگەی تەندروستیی شیفای داوە لە غەززە و ئەم بەیانییەش سەدان نەخۆش، ئاوارە و کارمەندی تەندروستی ناچار بوون نەخۆشخانەکە لە باکوورەوە بەرەو باشوور بەجێبهێڵن. ئیسرائیل دەڵێت، حەماس ئەو کۆمەڵگە پزیشکییە بەرکادەهێنێت و توونێل و بارەگای چەکداری تێدایە، حەماسیش ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا دەڵێت، ئەم بەیانییە فەرمانیان پێکراوە "لە یەک کاژێردا" نەخۆشخانەکە چۆڵبکەن، لەکاتێکدا بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوو هەزار و 300 نەخۆش، بریندار و ئاوارەی تێدا بووە کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بەڵام ناچار کراون هەرچۆنێک بێت نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەن.
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، "120 بریندار و کۆرپە" هێشتا لە نەخۆشخانەکە ماون و گیریان خواردووە. دەشڵێت، لەگەڵ خاچی سوور لەسەر هێڵن بۆئەوەی لە دۆخی ئەو گیرخواردووانەی نێو نەخۆشخانەی شیفا ئاگاداریان بکەنەوە.

 

 
ئەو نەخۆش، پزیشک و کارمەندانەی ئیسرائیل ناچار بە چۆڵکردنی نەخۆشخانەکەی کردوون، دەبێت 15 کیلۆمەتر ببڕن و لە باکووری غەززەوە بچنە بەشی باشووری کەرتەکە، لەکاتێکدا تەندروستیی بەشێکیان جێگیر نییە و پێویستە لەژێر چاودێریی چڕدابن.
 
ئەوان دەبێ لە نەخۆشخانەی شیفاوە بەرەو شەقامی سەلاحەدین بڕۆن، لەوێشەوە بەرەو باشووری کەرتی غەززە بەبێ ئەوەی هیچ ئۆتۆمبێل و ئەمبوڵانسێکیان لەگەڵدا بێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکانی غەززە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت سەدان بریندار و نەخۆش لە رێگەدا گیان لەدەست بدەن.
 
چوار رۆژە ئیسرائیل لەنێو بەشێکی کۆمەڵگە پزیشکییەکەیە و پشکنینی دەستپێکردووە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی کە گرووپە چەکدارەکانی غەززە لەژێر باڵەخانەی نەخۆشخانەکە توونێل و بارەگای سەربازییان هەیە.

 

 
نەخۆشخانەی شیفا، گەورەترین کۆمەڵگەی پزیشکییە لە غەززە و ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەکانیانیەوە چاوی بڕیوەتە نەخۆشخانەکە و دەڵێت، حەماس بەکاری دەهێنێت و بارەگا، توونێل و کۆگەی چەکی تێدایە، لەکاتێکدا گرووپە چەکدارەکەی غەززە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
 
هێشتا نازانرێت ئیسرائیل ئامانجی چییە و دەیەوێت دوای چۆڵکردنی نەخۆشخانەکە، چی بکات.

 

 
جەنگی گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل ئەمڕۆ لە 42یەمین رۆژی دایە، جەنگەکە کاتێک فراوان بوو کە گرووپە چەکدارەکان لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ لەژێر ناوی "تۆفانی ئەقسا" هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەهۆیەوە 1200 ئیسرائیلی کوژران.
 
ئیسرائیل لە تۆڵەی ئەو هێرشەدا، لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە هێرشی بەرفراوانی کردە سەر غەززە. سوپای ئیسرائیل غەززەی کردووتە دوو بەش و دەڵێت، بەشی زۆری باکووری شارەکەی کۆنترۆڵکردووە.

 

 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە کە دوایین جار رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، ئامارەکانی بڵاوکردەوە، تاوەکو ئەو کاتە 11 هەزار و 470 فەلەستینی بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 29 هەزار کەسی دیکەیش بریندار بوون.
 
لەنێو ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، 23 کارمەندی تەندروستی، 36 ئەندامی بەرگریی شارستانی هەن. ئەمە بەگوێرەی تەندروستیی غەززە.

 

 
هەروەها تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە 11ـی ئەم مانگەوە، 40 نەخۆش لە نەخۆشخانەی شیفا بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە گیانیان لەدەستداوە. دەشڵێت، لەوکاتەوە ئاو، کارەبا، سووتەمەنی و خۆراک نەماوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی تەندروستیی غەززەدا هاتووە، لەنێو 24 نەخۆشخانە و کۆمەڵگەی پزیشکی لە باکووری غەززە، تەنیا یەک نەخۆشخانە توانای پێشوازیی بریندار و چارەسەرکردنیانی ماوە و ئەوانی دیکە بەهۆی بۆردوومان، نەبوونی سووتەمەنی، ئاو و کارەباوە یان وێران بوون، یان لەکارکەوتوون.