دوای 30 ساڵ دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان عێراق و سعودیە بە فەرمی کرایەوە

18-11-2020
عیسا حەسەن
نیشانەکردن دەروازەی عەرعەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی چوارشەممە دەروازەی سنووریی عەرعەر لەنێوان سعودیە و عێراق کرایەوە و لەمەودا پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا لە رێگەی وشکانی و راستەوخۆ ئەنجام دەدرێت. 
 
بڕیاری کردنەوەی دەروازەی سنووریی عەرعەر لەلایەن دەسەڵاتی دەروازە و بەندەرەکانی عێراق راگەیێندرا کە لە رێوەڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە وەزیری ناوخۆی عێراق، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرۆکی دەستەی دەروازە و بەندەرەکان، پارێزگارانی ئەنبار و کەربەلا و بەپرسانی هەردوو پارێزگا کرایەوە.
 
لە لایەنی سعودیەش، هەر یەک لە باڵیۆزی سعودیە و بەرپرسانی حکومەت بەشداری رێوەڕەسمەکەیان کرد. بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراق "هەموو ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی بازرگانی و هاتووچۆی خەڵک لە دەروازەکە تەواوبووە".
 
عومەر وەلید، سەرۆکی دەروازە سنوورییەکانی سعودیە لەو بارەیەوە رایگەیاند "کردنەوەی دەروازەی عەرعەر یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی کاری دەروازە سنوورییەکان، چونکە عێراق دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ وڵاتانی کەنداو".

 

محەممەد شێخ فاتیح بە ڤیدیۆ وۆڵ بۆتان رووندەکاتەوە کاری دەروازەکە چی دەبێت:

 
 
رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت" لە زاری عەبدولعەزیز شەمەری، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق رایگەیاندووە "دەروازەی سنووریی جادیدەت-عەرعە بەشدارییەکی گرنگی دەبێت لە بەرزکردنەوەی پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و زیادکردنی وەبەرهێنانی لەنێوان بەغدا و ریاز". 
 
هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، هەموو رێکارەکانی دستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تەواوبوونە و هیچ کێشەیەک بۆ کردنەوەی دەروازەکە نییە، "پاراستنی ئەمنییەتی دەروازەکەش لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدایە".
 
عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تەواوی ئامادەکارییەکانی کردووە بۆ پاراستنی دەروازەی عەرعەر". 
 
دەروازەی سنووریی جادیدەدەت-عەرعەر عێراق و سعودیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەروازەکە لە سعودیە کەوتووەتە پارێزگای جادیدەت بە دووریی 50 کیلۆمەتر لە شاری عەرعەرەوە دوورە و 15 کیلۆمەتریش لە شاری نوخەیبی عێراقەوە دوورە. 
 
دەروازەکە گەورەترین دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سعودیەیە کە لە ساڵی 1990 بەهۆی جەنگی کەنداوی دووەمەوە داخرا، لەوکاتەوە تاوەکو ئابی 2017، هیچ دەروازەیەکی فەرمیی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نەبوو. لەو کاتەوەی داخراوە پەیوەندی بازرگانی راستەوخۆ لەرێگەی وشکانی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ئەنجامنادرێت. لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە باس لە کردنەوەی دەروازەکە کرا.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی سعودیە بە کردنەوەی دەروازەکە لە قۆناخی سەرەتایی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکە ساڵانە دەگاتە سەرووی ملیارێک دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە