بەریتانیا بۆ ئیسرائیل: جیهان هیچ بیانووی دیکە لەبارەی یارمەتییە مرۆییەکان قبووڵ ناکات

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی هەینی داوای لە ئیسرائیل کرد رێگە بە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بە کەرتی غەززە بدات، دەشڵێت، "جیهان هیچ بیانووی دیکە لەبارەی یارمەتییە مرۆییەکان قبووڵ ناکات."
 
دوای سەردانەکەی بۆ بەرلین و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی ئەورووپا، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، "ناکرێت ئەو دۆخە مرۆییە وێرانەی کە لە غەززە هەیە بەردەوام بێت. من جارێکی دیکە بە ئیسرائیل دەڵێم، جیهان هیچ بیانووی دیکە لەبارەی یارمەتییە مرۆییەکان قبووڵ ناکات."
 
ئیدارەی بایدن رۆژی یەکشەممە هۆشداریی بە ئیسرائیل دا کە دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی زیاتر بۆ نێو کەرتی غەززە بدات، ئەگەرنا، دەکرێت ئەمریکا ناردنی یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئیسرائیل بوەستێنێت.
 
ئەمڕۆ ستامەر ئاماژەی بەوە کرد، پشتیوانی لە مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە "هیچ چارەسەرێکی سەربازی بە تەنیا" بۆ ململانێکە نییە.
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی، "ئەوەی ئێستا پێویستە، بریتییە لە ئاگربەست لە غەززە، ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو بارمتەکان، گەیشتنی دەستبەجێی یارمەتیی مرۆیی و گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی بەرەو چارەسەری دوو دەوڵەت وەکو تاکە رێگە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن."
 
ستامەر هەروەها باسی لە جەنگی ئۆکراینا کرد و گوتی، رووسیا "خەریکە لاوازتر دەبێت،" ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی کیێڤ بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە