وەزیری دەرەوەی ئێران: چارەنووسی سنوار بۆ سەرجەم جەنگاوەرانی بەرخودانی ناوچەکە سرووشبەخشە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کوژرانی یەحیا سنوار دەڵێت، "بوێرانە جەنگا." ئاماژە بەوەش دەکات، چارەنووسی سنوار "بۆ سەرجەم جەنگاوەرانی بەرخودانی ناوچەکە سرووشبەخشە."
 
ئەمڕۆ هەینی 18-10-2024 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، "چارەنووسی ئەو، کە لە دوایین وێنەیدا بە جوانی وێنە کراوە، بەربەست نییە، بەڵکو سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ جەنگاوەرانی بەرخودان لە سەرانسەری ناوچەکە، فەلەستینی و نافەلەستینی."
 
عێراقچی گوتیشی، "یەحیا سنوار لە مردن نەترسا، بەڵکو شەهیدبوونی لە غەززە ویست، ئەو بوێرانە تاوەکو کۆتایی لە بەرەکانی جەنگ، جەنگا."
 
رۆژی چوارشەممە 16-10-2024، چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەحی باشووری غەززە چەند چەکدارێک دەبینن دەچنە نێو باڵاخانەیەک، ئەوانیش داوای بۆردوومانکردنی ئەو باڵەخانەیە دەکەن، بەڵام نازانن سنوار یەکێکە لەوانەی چوونەتە ژوورەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند، یەحیا سنوار لەگەڵ ئەو چەکدارانەدا بووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش کوشتنی یەحیا سنواری پشتڕاست کردەوە و گوتی، جەنگ کۆتایی نەهاتووە تاوەکو بارمتەکان نەگەڕێنینەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی، خەلیل حەیە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژرانی سنواری پشتڕاست کردەوە و گوتی، "بەردەوام دەبین تاوەکو دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین، کە پایتەختەکەی قودس بێت." دەشڵێت، کوژرانی سەرکردەکانیان رژدتریان دەکات لەسەر دۆزی فەلەستین.
 
خەلیل حەیە وەڵامی نەتەنیاهووی دایەوە و گوتی، "بارمتەکانتان بۆ ناگەڕێندرێنەوە تاوەکو کۆتایی بە شەڕ نەهێنن، بە یەکجاری نەکشێنەوە و دیلەکانمان لە گرتووخانەکان ئازاد نەکەن."
 
یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە گوتەی ئیسرائیل ئەندازیاری هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بوو، کە لەلایەن حەماسەوە کرایە سەر ئیسرائیل.
 
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیک، لەو رۆژە نزیکەی 1200 کەس کوژران و 251 کە بە بارمتە بران. ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و جەنگ بەرپابوو. جەنگە وێرانکەرەکە هێشتا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە غەززە لانیکەم 42 هەزار کەس کوژراون.