رووداو دیجیتاڵ
ئێران دەڵێت، ئامادەن لەسەر پرسی سنووری باشووری لوبنان لەگەڵ فەرەنسا گفتوگۆ بکەن؛ لوبنانیش دەڵێت، ئەوە شتێکە پەیوەندیی بەخۆیانەوە هەیە و نابێت ئێران دەستوەردان بکات.
رۆژی هەینی، 18-10-2024، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان گوتی، ئەوان هەموو جۆرە دەستوەردانێکی ئێران لە کاروباری ناوخۆی لوبنان رەتدەکەنەوە.
قسەکەی میقاتی دوای ئەوە هات، دوێنێ پێنجشەممە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "ئێمە ئامادەین لەگەڵ فەرەنسا گفتوگۆبکەین بۆ ئەوەی پەیماننامەی 1701ـی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری لوبنان جێبەجێ بکرێت."
پەیماننامەی 1701 لە ساڵی 2006 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە و تێیدا هاتووە، سنووری باشووری لوبنان، جگە لە سوپای لوبنان، هیچ چەک و چەکدارێکی لێنەبێت.
قالیباف ئەو لێدوانەی لە هەڤپەیڤینێکی رۆژی پێنجشەممە دا. میقاتی گوتی: "ئێمە بەو هەڵوێستە حەپەساوین، کە دەستوەردانێکی ئاشکرای کاروباری ناوخۆی لوبنانە. گفتوگۆکردن لەسەر پەیماننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان شتێکە پەیوەندیی بە دەوڵەتی لوبنانەوە هەیە."
لەژێر پەیماننامەی 1701، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هێزێکی ئاشتیپارێزی لەژێر ناوی یونیفیڵ پێکهێنا بۆ ئەوەی "یارمەتی" هێزەکانی لوبنان بدەن لە پاراستنی سنووری باشوور.
ئیسرائیل دەڵێت، یونیفیڵ و سوپای لوبنان لە پاراستنی ناوچەکە شکستیان هێناوە. رۆژی 01-01-2024 ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی زەوینیی بۆ سەر خاکی لوبنان دەستپێکرد، ئەمەش لە دوای نزیکەی ساڵێک لە شەڕ و گرژی لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان.
دوای ئەوەی پێنج سەربازی هێزە ئاشتیپارێزەکانی UN بە تەقەی ئیسرائیل برینداربوون، نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانییەکانی خۆی لەوبارەوە دەربڕی و داوایکرد دەستیان بۆ نەبرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دووجار لە پەیامی ڤیدیۆییدا داوای لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هێزەکانی یونیفیڵ لەو ناوچانە "بۆ ماوەیەکی کاتی" بکشێنێتەوە، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو داوایەی رەتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ