کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کوژرانی سنوار

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە 17-10-2024 سوپای ئیسرائیل و دواتر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کوژرانی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسیان راگەیاند. سنوار لە هێرشێکی ئیسرائیل لە شاری رەفەحی باشووری غەززە کوژرا. کوژرانی ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس کاردانەوەی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.
 
ئەمریکا: رۆژێکی نوێیە
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی نیشتنەوەی فرۆکەکەی لە بەرلین گوتی: "کوژرانی سنوار دەرفەتێکە بۆ رۆژێکی نوێ لە غەززە بەبێ دەسەڵاتی حەماس. یەحیا سنوار بەربەستێکی گەورەی بەدەستهێنانی ئامانجەکان بوو، ئێستا چیدیکە ئەو بەربەستە نەماوە و هێشتا زۆر شتمان لە پێش ماوە."
 
کەنەدا: کۆتایی حوکمڕانیی تیرۆر
 
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند: "یەحیا سنوار، سەرکردەی دڕندەی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس کوژرا، کە دەیویست لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ئیسرائیل لەنێو ببات و چەندین هێرشی تیرۆریستیی بێمانای کردە سەر سڤیلەکانی ناوچەکە. ئەمڕۆ دادپەروەری بۆ قوربانییەکان و خێزانەکانیان بەدیهات. کوژرانی سنوار کۆتایی حوکمڕانیی تیرۆرە."
 
فەرەنسا: بیر لە هەستی خێزانی قوربانییەکان دەکەینەوە
 
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی کوژرانی سنوار گوتی: "یەحیا سنوار بەرپرسی سەرەکیی هێرشە وەحشیی و تیرۆریستییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بوو. ئەمڕۆ، بیر لە هەستی قوربانییەکان و خێزانی ئەو 48 هاووڵاتییەی فەرەنسا دەکەمەوە کە کوژران. فەرەنسا داوا دەکات بارمتەکانی لای حەماس ئازاد بکرێن."
 
ئەڵمانیا: پێویستە ئازار و دەردی غەززەییەکان کۆتایی بێت
 
ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "سنوار بکوژ و تیرۆریستێکی دڕندەبوو، کە ویستی ئیسرائیل و گەلەکەی لەنێوببات. وەکو ئەندازیاری هێرشەکەی ئۆکتۆبەری رابردوو، مەرگی بۆ هەزاران کەس و مەینەتیی بۆ هەموو ناوچەکە هێنا. ئێستا مەرجە حەماس هەموو بارمتەکان ئازادبکات و چەک دابنێت، پێویستە ئازار و دەردی غەززەییەکان کۆتایی بێت."
 
ئیتاڵیا: مەرجە ئێستا قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات
 
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا گوتی: "کوژرانی یەحیا سنوار، کۆتایی تاوانباری سەرەکیی کۆمەڵکوژییەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرە. مەرجە ئێستا قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات. ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو بارمتەکان رزگاربکرێن و ئاگربەست رابگەیێنرێت. ئێمە پاڵپشتیی تەواوی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە بەو ئاراستەیەن."
 
بەریتانیا: بۆ مەرگی سنوار دڵگران نین
 
جۆن هیلی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا گوتی: "من بە کوژرانی سەرکردەیەکی تیرۆریستی وەکو سنوار خەمبار و دڵگران نابم، ئەو کەسێک بوو کە بەرپرسی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئۆکتۆبەر بوو. ئەو هێرشە بووە هۆی تاریکترین و کوشندەترین رۆژ بۆ گەلی جوو، هەروەها بووە هۆی کوشتارێکی زۆری سڤیلی فەلەستینی."
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا: ئێستا کاتی سەری مارەکەیە
 
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری گوتی: "ئێستا دوای ئەوەی سەرکردە تینوو بە خوێنەکانی حەماس و حیزبوڵڵا رۆیشتن، پێویستە ئیدارەی بایدن و هاریس لەگەڵ ئیسرائیل بکار بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین گوشار بخەنە سەر سەری مارەکە، ئێران."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی یەحیا سنوار کە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل ڤیدیۆی "دوایین ساتەکان"ی سنواری بڵاوکردەوە

ئەفیغای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆکە نووسیویەتی، رۆژی چوارشەممە، لە ناوچەی تەلسوڵتان لە رەفەح، "هێزەکانمان سێ تێکدەریان بینی لە ماڵێکەوە هەڵدێن بۆ ماڵێکی دیکە بۆ ئەوەی رابکەن، بۆیە لێیان هاتنە دەست و هێرشیان کردە سەر. یەحیا سنوار بە تەنیا رایکرد بۆ نێو یەکێک لە خانووەکان. هێزەکانمان لە رێگەی درۆنەوە پشكنینیان بۆ ناوچەکە کرد."