حیزبوڵڵا: دوای کوژرانی سنوار، گرژییەکان لەگەڵ ئیسرائیل زیاد دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی هەینی 18-10-2024 بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند، دوای کوژرانی یەحیا سنوار "دەچینە قۆناخێکی نوێی زیادبوونی گرژییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی دووژمنی ئیسرائیلی".
 
حیزبوڵڵا گوتی: "ئەو قۆناخە نوێیە لە رووداوەکانی چەند رۆژی داهاتوو روون و ئاشکرا دەبێت".
 
یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی  بزووتنەوەی حەماس بەگوتەی ئیسرائیل ئەندازیاری هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بوو، کە لەلایەن حەماسەوە کرایە سەر ئیسرائیل، دوێنێ پێنجشەممە کوژرانی لەلایەن سەرۆکوەزیران و سوپای ئیسرائیلەوە راگەیێندرا. 
 
رۆژی چوارشەممە 16-10-2024، چەند سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە شاری رەفەحی باشووری غەززە چەند چەکدارێک دەبینن دەچنە نێو باڵاخانەیەک، ئەوانیش داوای بۆردوومانکردنی ئەو باڵاخانەیە دەکەن، بەڵام نازانن سنوار یەکێکە لەوانەی چوونەتە ژوورەوە. 
 
دوای بۆردوومانکردن و کوژرانی سێ چەکدارەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، گومان دەکەن یەکێکیان سنوار بێت. تەرمەکان بۆ پشکنینی ددان و پەنجەمۆر دەنێرنە دادپزیشکی و دوێنێ پێنجشەممە پشتڕاستکرایەوە، کە سنوار کوژراوە.
 
سەرکردە رۆژئاواییەکان لەوانەش ئەمریکا رایانگەیاند، کوشتنی سنوار دەرفەتێکە بۆ ئەوەی گرژییەکان کۆتاییان پێبێت، بەڵام بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگ کۆتایی نەهاتووە و هێشتا رزگارکردنی بارمتەکان ماون.
 
رۆژی 07-10-2023 چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل و فێستیڤاڵێکی میوزیک، لەو رۆژە نزیکەی 1200 کەس کوژران و 251 کە بە بارمتە بران. ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد و جەنگ بەرپابوو. جەنگە وێرانکەرەکە هێشتا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لە غەززە لانیکەم 42 هەزار کەس کوژراون.
 
حیزبوڵڵای لوبنان دوای رۆژێک لە هەڵگیرسانی جەنگەکە پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و بەشێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە، ئێرانیش بەردەوام ستایش و پاڵپشتیی خۆی بۆ غەززە و دووژمنایەتیی خۆی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەربڕیوە.
 
تاکە لێدوان لەسەر کوژرانی سنوار لەلایەن ئێرانەوە هاتبێت، نوێنەری ئێرانە لە نەتەوە یەکگرتووەکا، رایگەیاند: "گیانی موقاوەمە بەهێزتر دەبێت."