سعودیە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لوبنان جێبهێڵن
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی شانشینی عەرەبیی سعودیە لە لوبنان داوای لە هاووڵاتیانی کرد لوبنان بەجێبهێڵن، هەروەها داوای کرد هەمووان بە بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتکردن بۆ ئەو وڵاتە پابەندبن و ئاگاداری خۆیان بن و لە گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان نزیک نەبنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-10-2023، باڵیۆزخانەی شانشینی عەرەبیی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نوێترین پێشهاتەکانی سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل و ژیانی هاووڵاتیانی لە لوبنان، رایگەیاند "باڵیۆزخانە لەنزیکەوە و بە وردی چاودێریی پێشهاتەکانی ناوچەی باشووری لوبنان دەکات، داوا لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکەین خێرا و بە پەلە بە بڕیاری قەدەخەی گەشتکردن بۆ لوبنان و بەجێهێشتنی خاکی لوبنان پابەندبن بۆ ئەو کەسانەی ئێستا لە لوبنان ماون."
هەروەها باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی سعودییە لە لوبنان کردووە "ئاگادار و هۆشیاربن و خۆیان لەو شوێنانە بەدوور بگرن، کە گردبوونەوە یان خۆپێشاندانیان تێدا دەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەی ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن."
رۆژی چوارشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، باڵیۆزخانەی سعودیە لە لوبنان داوای لە هاووڵاتیانی کرد، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت سەردانی ژمارەیەک وڵات نەکەن، لەنێویاندا لوبنان.
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد.
بەهۆی رووداوەکانی دوای 7ـی ئەم مانگەوە چەند جارێک گرژی لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان دروستبووە و هێزەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکدیان بۆردوومانکردووە و ئەگەری پەڕینەوەی شەڕەکە بۆ وڵاتانی دیکە بەدوور نازاندرێت.
ماوەی 11 رۆژە شەڕ لەنێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیل بەردەوامە و تاوەکو ئێستا هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و بریندار بوون.