تەندروستیی فەلەستین: بەهۆی بۆردوومانەکانەوە 3478 کەس گیانیان لەدەستداوە

18-10-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین رایگەیاند، بەهۆی شەڕەکانی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لەماوەی 12 رۆژدا سێ هەزار و 478 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 هەزاریش بریندار بوون، دەشڵێت، بەهۆی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی 471 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 350 کەسیش بریندار بوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-10-2023، د.ئەشرەف ئەلقەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دوایین ژمارەی قوربانییەکانی شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، رایگەیاند، "لەماوەی 12 رۆژدا سێ هەزار و 478 کەس شەهید بوون و 12 هەزار و 65 کەسیش برینداربوون، لەنێو قوربانییان بە شەهید و بریندارەوە 70٪ ـیان ئافرەت، منداڵ و کەسانی بەتەمەنن."
 
سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەوی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە شاری غەززە کە ئیسرائیل و گرووپەکانی فەلەستین یەکدی بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتباردەکەن، دەڵێت، "لە هێرشەکەی دوێنێ شەوی داگیرکاری ئیسرائیلی بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی 471 کەس شەهید بوون و 314 کەسیش بریندار بوون.
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، 1300 کەس لەژێر داروپەردووی نەخۆشخانەکەدا ماون، لەو ژمارەیە 600ـیان منداڵن، گوتیشی، بەهۆی کردنە ئامانج و زەحمەتی لابردنی داروپەردووی باڵەخانەکە دەرهێنانی تەرمەکان قورستر بووەتەوە.
 
لەبارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانەوە، د.ئەشرەف ئەلقەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین، ئاماژەی بەوە کردووە، "نەخۆشخانەکان چوونەتە قۆناخی داڕووخانی کردەیی و چەند کاژێری داهاتوو مەترسیدار دەبێت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە نەخۆش و بریندارەکان."
 
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، پێش ئەو هێرشە بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین و ئیسرائیل ئامارەکانی 11 رۆژی شەڕی نێوانیان بڵاوکردەوە کە بەپێی ئامارەکان لەو ماوەدا چوار هەزار و 461 کەس لە هەردوولا کوژراون، نزیکەی 18 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون.
 
بەیانیی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە