وردەکاریی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەززە

18-10-2023
بەردەم نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە رۆهەڵاتی فەلەستین
بەردەم نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە رۆهەڵاتی فەلەستین
نیشانەکردن فەلەستین حەماس شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە رۆژهەڵاتی غەززەی فەلەستین، ژمارەی قوربانییانی  شەڕی ئیسرائیل و حەماسی زیاتر کرد، لە هێرشەکە هەرچی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستینە ئیسرائیل بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن، ئیسرائیلیش دەڵێت، گرووپی جیهادی ئیسلامی هێرشەکەی کردووە لە ئەنجامی مووشەکێكی هەڵە رووداوەکە روویداوە کە ئامانج لێی ئیسرائیل بوو.
 
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 500 کەس گیانیان لەدەستدا، بەشێکی زۆری ئەوانەی بوونەتە قوربانی ژن و منداڵن. پێش بۆردوومانەکە بە چەند کاتژمێرێک شەقامی چواردەوری نەخۆشخانەکە دوور بوو لە هێرشە مووشەکییەکان و ببوە پەناگەیەک بۆ ئاوارەکانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل.
 
ئەبوو سەعد قودسی، ئاوارەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی، پێش بۆردوومانی نەخۆشخانەکە دەڵێت، "دۆخەکە لێرە نەهامەتبارە، خەڵک هەمووی ئاوارە بووە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە ئەم شوێنەی تەنیشت نەخۆشخانەی مەعمەدانی تاڕادەیەک لە شوێنەکانی دیکە باشترە."
 
هەمووی نزیکەی کاژێرێک دواتر بۆردوومانی نەخۆشخانەکە کرا، تاوەکو ئێستا حەماس ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلیش بزووتنەوەی جیهادیی ئیسلامی تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکە، ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکەکە بە ئاراستەی وڵاتەکەیان بووە بەڵام بەهۆی هەڵەیەکەوە بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە.
 
بەشێکی زۆری قوربانییەکان، ژن و منداڵن، بەشێکیان بەهۆی برینە سەختەکەیانەوە ماڵئاواییان لە ژیان کرد، کەسوکاری قوربانییەکانیش لە نەخۆشخانە بەدیار مەرگ و ئازاری برینداری رۆڵەکانیان گریان و شین بەرۆکی گرتوون. 
 
ئەحمەد، دانیشتوویەکی غەززەیە، باسی ساتی هێرشەکە دەکات و دەڵێت، "لە ماڵی خۆمان بووین، دراوسێکان هاتن و پێیان گوتین وەرنە دەرەوە با بچینە حەوشەی مەعمەدانی کە گوایە پارێزراوترە، بەڵام وێران بووین؛ لە ماڵی خۆمان بوونایە باشتر بوو. خودا تۆڵەمان لەو کەسە لێ بکاتەوە کە هۆکاری ئەم شەڕە بوو، ئیدی هەر کەسێک بووبێت."
 
چیرۆکی عەبدوڵڵا لەگەڵ خێزانەکەی ناخهەژێنە، خۆی یەکێک بوو لەو پزیشکانەی لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی چارەسەری برینداری شەڕەکەی دەکرد، بەڵام لە کاتی هێرشەکەدا هاوژین و سێ منداڵەکەی کوژران.
 
تادێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزتر دەبێتەوە بەهۆی ئەو بریندارانەی برینەکانیان سەختە، بەپێی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، لانیکەم سێ هەزار و 300 کەس کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە