ئیسرائیل: هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین کردوویانە

18-10-2023
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە ئەنجامدەری ئەو هێرشە بووبێت کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500 کەس لە کەرتی غەززە.
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تەلئەڤیڤ گوتی، ئەو گوتانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی لە کەرتی غەززە کردووە، "هەڵە و بێ بنەمان."
 
دانیاڵ هەگاری گوتیشی، لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە حەماس هێرشەکەی کردە سەر ئیسرائیل، نزیکەی 450 مووشەکی گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین نەگەیشتوونەتە ئەو ئامانجەی کە بۆیان تەقێندراون، ئەوەی رۆژی سێشەممە 17-10-2023یش لە کەرتی غەززە روویدا یەکێک لەو نموونانە بووە.
 
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەوبارەوە گوتی، ئەو مووشەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هەموو خەڵکە لەپشت نەخۆشخانەکەوە تەقێندرابوو و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای ئیسرائیل ئاگاداری ئەو پەیوەندییانەیە کە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین لەنێوان خۆیاندا هەیانبووە و باسیان لە شکستهێنانی تەقاندنی مووشەکەکەیان کردووە.
 
 
دانیاڵ هەگاری رەخنەی لە بەشێک لە دامەزراوە میدیاییەکانیش گرت و بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەو ویستە تێدەگەم کە بۆ هەواڵی بەپەلە هەتانە، بەڵام ئومێدەوارم هەمووتان هاوڕابن لەسەر ئەوەی کە وردبوون و وەرگرتنی زانیاریی جێگەی متمانە پێش هەموو شتێکە. سوپای ئیسرائیل بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی کار دەکات. دواجار دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم رووداوە دەریدەخات کە دەکرێت بانگەشەی تیرۆریستەکان بەرامبەر ئیسرائیل ببێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە ناوچەکەدا."
 
شەوی رابردوو هێرش کرایە سەر نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەب لە کەرتی غەززە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 500 کەس کوژران.
 
بەشی زۆری ئەو خەڵکە لە رۆژانی رابردوودا ئاوارە ببوون و بە مەبەستی پاراستنی ژیانیان چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە. دەسەڵاتدارانی کەرتی غەززە کە گرووپە چەکدارەکانی دژی ئیسرائیلن دەڵێن، سوپای ئیسرائیل ئەنجامدەری هێرشەکە بووە.
 
گرووپی جیهادی ئیسلامی، کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەنجامدەری هێرشە مووشەکییەکەیە، دەڵێت "زایۆنییە دووژمنەکان هەوڵی تەواو دەدەن لە رێگەی درۆکردن و راکێشانی پەنجەی تۆمەتەوە بە ئاراستەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی، بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەییە دووربخەنەوە."
 
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسیش لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، "کۆمەڵکوژیی نەخۆشخانەکە دڕندەیی دووژمن پیشان دەدات" و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی روویدا دەستپێکی "خاڵێکی نوێی وەرچەرخانە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە