لە ئیسرائیل خۆپێشاندان لەپێناو ئاگربەست کرا

رووداو دیجتاڵ 

هەزاران هاووڵاتیی ئیسرائیلیی خۆپێشاندانیان کرد و داوایان کرد هەرچی زووە حکومەتی وڵاتەکەیان و حەماس رێکبکەون. 
 
گالیت ماسادێر، خۆپیشاندەری ئیسرائیلی دەڵێ "ئەگەر هیچ گوشارێک لەلایەن ئەمریکا و جیهانەوە نەکرێت، هیچ هیوایەک نامێنێت، چونکە نەتەنیاهوو و سینوار وەک یەکن. ئەوان دەیانەوێت لە ژیان و لە دەسەڵاتدا بمێننەوە. ئەگەر کەس گوشاریان لێنەکات، هیچ رێککەوتنێک روونادات."
 
چەند رۆژێکە پرسی ئاگربەستی غەززە گەرمە و شاندە باڵاکانی رۆژئاواش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن بەمەبەستی سەرخستنی هەوڵەکە.
 
بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر دەڵێ "پەیوەندی لەنێوان هەردوو لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی هەیە. ئەگەر خواستی سیاسی هەبێت، بێگومان دەتوانن بگەنە رێککەوتن. هەندێک بۆشایی و بەربەست هەن، بەڵام وا خەریکن کاریان لەسەر دەکەن و چەند بیرۆکەیەکیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانە باسکراون."
 
یەکێک لەو بۆشاییانەی وەزیری دەرەوەی میسر باسی دەکات ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت هێزەکانی لە رێڕەوی فیلادێلفیا بهێڵێتەوە. 
 
رێڕەوەکە بریتییە لە 14 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری غەززە و میسر؛ حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەوێ بکشێتەوە، ئیسرائیلیش دەڵێت "بۆ رێگریکردن لە بە قاچاخبردنی چەک لەوێ دەمێنمەوە."
 
داواکاریی دووەمی ئیسرائیل ئەوەیە، خاڵێکی پشکنین لە نێوەڕاستی غەززە دابنێت کە بە (رێڕەوی نێتزاریم) ناسراوە و پانییەکەی 4 کیلۆمەترە.  
 
دەڵێت، ئامانجەکەی ئەوەیە هەموو ئەو غەززەییانە بپشکێنێت کە لە باشوورەوە دەیانەوێت بچنەوە باکووری کەرتەکە و نابێت چەکدارانی حەماسیان لەنێودا بێت. حەماس بەوەش رازی نییە.
 
کێشەیەکی دیکەی بەردەم رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوانە.
 
غازی حەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس دەڵێت، ئیسرائیل لە دەوحە گوتوویەتی، دەیەوێت مافی ڤیتۆکردنی ئازادکردنی هەندێک لەبەندکراوەکانی هەبێت و لە زیندان بیانهێڵێتەوە، هەروەها دەیەوێت هەندێ لە بەندکراوە فەلەستینییەکان بنێرێتە شوێنەکانی دیکە، ئەمەش خاڵێکی دیکەیە کە حەماس رەتی دەکاتەوە.