تورکیا و سعودیە گرێبەستێک بۆ دروستکردنی درۆن واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم سەردانیدا بۆ سعودیە، لەدوای ساڵی 2018 و پاش زیاتر لە چوار ساڵ گرژیی نێوانیان، بەهۆی کوشتنی جەمال خاشوقچی لەنێو کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جەددە کۆبووەوە.
رۆژی دووشەممە 17ی تەممووزی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە سعودیە، بڕیار دواتر سەردانی وڵاتانی قەتەر و ئیماراتیش بکات.
لەو سەردانەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و محەممەد بن سەلمان چەندین گرێبەستیان واژۆ کرد، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و وزەدا.
سعودیە دوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای بواری بەرگریی تورکیا بایکار واژۆ کرد، بە مەبەستی کڕینی درۆنی تورکی و دانانی لقێک لە کارگەکە لە سعودیە و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەو وڵاتەدا.
لە جەددە بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛ تورکیا و سعودیە چەند گرێبەستێکیان واژۆکرد، لەنێویاندا گرێبەست بۆ دروستکردنی درۆن واژۆ کرا
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 18, 2023
زانیاریی زیاتر:https://t.co/bNzB2a0LuP pic.twitter.com/Mwk98yrqRw
خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر سەبارەت بە واژۆکردنی گرێبەستەکە نووسیویەتی، "ئامانج لەو واژۆکردنانە پێشخستنی سعودیەیە لە بواری بەرگری و بەهێزکردنی تواناکانی سوپای سعویە و بەرهەمهێنان لەو بوارەدا."
ئەردۆغان نزیکەی 200 خاوەن کاری تورکیی لەگەڵ خۆی بردووە، ئەمەش بێجگە لەوەی کە دەیانەوێت ژمارەی کۆمپانیا سعودییەکان کە لە تورکیا کار دەکەن، زیاتر بکەن، کە ئێستا 1140 کۆمپانیای سعودیە لە تورکیان.