چارەنووسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەوادا
رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانی کەشوهەوا لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردووەوە لێکەوتەکانی دەرکەوتوون کە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری لەسەر زۆربەی سێکتەرەکانی ژینگە کردووە.
بەهۆی ئەو کاریگەرییە فراوانەوە رووداوی نائاسایی وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، لافاو، بارانی ناوەخت، سووتانی دارستانەکان، زریانی وێرانکەر، لەنێوچوونی دارستانەکان، بەبیابانبوون و رۆچوونی زەوی روویان لە زیادبوونە.
بەگوێرەی جوگرافیای شوێنە جیاوازەکان لەسەر زەوی، ئاست و شێوازی کاریگەرییەکان دەگۆڕێن، بە واتایەکی دیکە، رووداوە سرووشتییەکان کە لە ناوچەیەک باو بوون، ئێستا وێرانکەرتر و مەترسیدارترن.
عێراق، پاکستان، ئەفغانستان، هیندستان، میانمار، کۆریای باکوور، هایتی، هندۆراس، نیکاراگوا و کۆڵۆمبیا لەو وڵاتانەن زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بە رووداوە سرووشتییەکان دەمرن تادێت زیاتر دەبێت و دیاردەی نامۆ لە شوێن و جوگرافیا جیاوازەکانی جیهان دەبینرێن.
دیاردەیەک کە ئێستا وەک گەورەترین ئاڵنگاری سەیردەکرێت و تا رادەیەک هۆکاری تەواوی رووداوەکانی دیکەیە، گەرمبوونی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهانە.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەهۆی زیادبوونی گازە زیانبەخشەکانە لە بەرگەهەوای زەویدا، کە سێ سەرەکیترینیان بریتین لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن، میسان و نایترۆس ئۆکساید.
بەشێک لەو ناوچانەی کە پلەی گەرمی تێیدا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کەنداو و باکووری ئەفریقان.
زانایان لەبارەی ئەو کارەساتانەوە کە دەکرێت تاوەکو نێوەڕاستی ئەم سەدەیە بەسەر ئەو ناوچانەدا بێن، زانیاری مەترسیدار دەخەنەڕوو.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم گۆڕانی کەشوهەوادا
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری نەیچەر سەستەینەبڵیتی کە لە کۆتایی مانگی ئایار بڵاوکراوەتەوە، وڵاتانی کەنداو و بە گشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەریی لەڕادەبەدەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە؛ بەتایبەت لەسەر دانیشتووانەکەیان.
لە سیناریۆیەکدا کە تاوەکو ساڵی 2070 پلەی گەرمای زەوی بۆ 2.7 پلەی سلیزی بەرزدەبێتەوە و ژمارەی دانیشتووانی زەوی دەگاتە 9.5 ملیار، قەتەر یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی تەواوی دانیشتووانەکەی کاریگەری راستەوخۆی گەرمای زۆر تووندیان لەسەر دەبێت. ئیماراتیش بە هەمانشێوە زۆربەی دانیشتووانەکەی بەر ئەو کاریگەرییە زۆرە دەکەون.
زیاتر لە 80٪ی دانیشتووانی کوێت و عومان و 60٪ی سعودیەکانیش کاریگەری گەرمای زۆر تووندیان لەسەر دەبێت.
ئەگەر پلەی گەرما بگاتە 1.5 پلەی سلیزیش، کە لای نەتەوەیەکگرتووەکان ئاستێکی ئاساییە، زۆربەی خەڵکی سعودیە و ئیمارات دەچنە ژێر کاریگەریی گەرمای زۆرەوە.
دەرەنجام چی دەبێت؟
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی گۆڤاری تەندروستیی بەریتانی زە لانسێت، بەهۆی ئەو گەرما زۆرەوە، تاوەکو ساڵی 2050، تێکڕای مردنی ساڵانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوو کەسەوە بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، بەرزدەبێتەوە بۆ 123 کەس لە 100 هەزار کەس.
هەر ئەو راپۆرتە دەڵێت، لە عێراق، کە یەکێک لەو 5 وڵاتەیە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، لە ساڵی 2100دا ساڵانە 138 هەزار کەس بە هۆکاری پەیوەست بە گەرماوە دەمرن.
زە لانسێت دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050، 70٪ی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەچنە نێو شارەکان، ئەمەش وادەکات مەترسییەکانی گەرما لەسەر هاووڵاتیان زیاتربێت و تاوەکو 2100ـیش رێژەی پیر، گەنج تێدەپەڕێنێت.
هەردوو فاکتەرەکە کاریگەرییەکانی نەخۆشکەوتن و مردن بەهۆی گەرماوە زیاتر دەکەن. هەروەها لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پلەی گەرمیی نێو شارەکان هەمیشە 2 تاوەکو 9 پلەی سلیزی لە دەرەوەی شار زیاترە.
کەمئاوی
کەمی ئاوی خواردنەوە لە جیهاندا کێشەیەکی باوە؛ بەکارهێنانی ساڵانەی زیاتری ئاو بەراورد بەو رێژەیەی لە سەرچاوەکانی ئاو دەستدەکەون، کێشەیەکی دیکەی تا بڵێی مەترسیدارە. ئەمە بەو واتایە دێت، ئەو ئاوەی لەلایەن دانیشتووانەوە بەکاردەهێنرێت، زیاترە لەو ئاوەی سەرچاوەکانی ئاو بەرهەمی دەهێنن، واتە وردە وردە سەرچاوەکان بەرەو وشکبوون دەچن.
نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، 2 ملیار و 300 ملیۆن کەس، واتە لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان لەسەر زەوی، لەو وڵاتانەدا دەژین کە کورتهێنانیان لە سەرچاوەی ئاودا هەیە؛ واتە ئەو کێشەیەیان هەیە، کە ئاماژەی پێکرا.
بەکارهێنانی ئاوی زیاتر لە توانای بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی ئاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەرادەبەدەر زەقبووەتەوە. 7 لە 10 وڵاتی جیهان کە زۆرترین کورتهێنانیان لە ئاودا هەیە، لەو ناوچەیەدان.
لەو حەوت وڵاتەدا بڕی ئەو ئاوەی بەکاردەهێنرێت بە تێکڕا 820٪ زیاترە لەو بڕەی سەرچاوەکان بەرهەمی دەهێننەوە؛ واتە 8 جار زیاتر لە توانای نوێبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، ئاو بەکاردەهێنن.
زیاتر بەکارهێنانی ئاو لە هەندێک لەو وڵاتانەدا بەم جۆرەیە: میسر 6,420٪، بەحرێن 3,878٪، ئیمارات 1,708٪، سعودیە 883٪، لیبیا 817٪، سوودان 673٪، یەمەن 170٪ عومان 170٪، سووریا 196٪ و عێراق 109٪ زیاتر ئاو بەکاردەهێنن لە توانای نوێبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاویان.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە 30 ساڵی رابردوودا زیاتر بەکارهێنانی ئاو لە توانای نوێبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو دوو هێندە زیادیکردووە.
بەگوێرەی بانکی جیهانی، کەمبوونەوەی ئاو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە تاوەکو 2050 داهاتی نێوخۆی ئەو وڵاتانە لە 6٪ بۆ 14٪ کەمدەکاتەوە.
عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە زۆرترین کێشەی کەمئاویی هەیە. 90٪ی رووباری فورات و 44٪ی رووباری دیجلە کە بە عێراقدا تێپەڕدەبن لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە و لە 2020ـەوە 60٪ی ئاوەکەی گرتووەتەوە. ئەو کەمبوونەوەیە لە دیجلە و فورات تادێت کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری زیاتر دەردەکەون.
بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە ئێرانیشەوە، 70٪ی لقەکانی دیجلە لە نزیک دیالە وشکی کردوون؛ هەر بۆیە دۆخێکی ناجۆریی ژینگەیی و مرۆیی دروستبووە.
گۆڕانی کەشوهەوا تەواوی وڵاتانی ئەو ناوچەیەی تۆقاندووە، بەڵام سووریا و عێراق لە خراپترین دۆخدان. رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، مەزەندە دەکەن 12 ملیۆن کەس لەو دوو وڵاتە دەستیان بە ئاوی خواردنەوە نەگات.
لە ئوردن نرخی ئاو بە رێژەی 30٪ زیادیکردووە و ئەو وڵاتە تا دێت کورتهێنانی لە سەرچاوە ئاوییەکانیدا روو لە زیادبوون دەکات.
ئەمە تەنیا وڵاتە هەژار و مامناوەندەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو نەتەوەیەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، ئەگەر ئیمارات چارەسەر نەدۆزێتەوە بۆ سەرچاوەکانی ئاو، تاوەکو 2050 هەموویان لەدەستدەدات.
بەبیابانبوون
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 30٪ی خاکە بەپیتەکەی عێراق بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە ئێستا بەبیابانبووە و 70٪ی ئەو زەوییانەش لەژێر مەترسی بە بیابانبووندان.
هەروەها ئاماژە بەوەدەکات، 80٪ی زەوییەکانی سووریا لەژێر کاریگەریی بەبیابانبووندان. نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، 7٪ی ئەو خاکە بەپیتەی کە سعودیە هەیەتی، مەترسی بەبیابانبوونی لەسەرە.
ئێران یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی کە مەترسی گەورەی بەبیابانبوونی لەسەرە. بە گوێرەی گۆڤاری زانستیی نەیچەر، 68٪ی ئێران مەترسی نزم یان زۆر بەرزی بە بیابانبوونی لەسەرە. ئەمە جگە لەو 23٪ زەوییە بیابانەی خۆی، کە هەیەتی.
هۆکارەکانی بە بیابانبوون بریتین لە لەنێوچوونی دارستانەکان، رێکاری خراپی کشتوکاڵ، وشکەساڵی، بای بەهێز و وشکبوونی سەرچاوەی ئاودێری زەوییەکان.
وشکەساڵی
ناسا دەڵێت، میسر، ئیسرائیل، ئوردن، فەڵەستین، سووریا و لوبنان خراپترین وشکەساڵییان لە 900 ساڵی رابردوودا بەڕێکردووە. ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویی ئەو وڵاتانە هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەو وڵاتانەدا تاوەکو ساڵی 2025، 30٪ کەمدەکات. بانکی ناوەندی دەڵێت، لە میسر بڕی بارانبارین 22٪ کەمیکردووە، ئەوە لە 30 ساڵی رابردوودا کەمترین بووە. ئەوە سێ ساڵیشە لە عێراق حکومەت وشکەساڵی راگەیاندووە.