نێردەی حەجی عێراق بە باشترینی نێردەکان دیاریکرایەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ دووەمین ساڵ لەسەر یەک، نێردەی حەجی عێراق وەک باشترینی نێردەکانی حەجی ئەمساڵ دیاری کرا.

رۆژی سێشەممە، 18-06-2024، شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق بە رووداوی گوت، "نێردەی حەجی عێراق، پلەی یەکەمی هێناوە لەسەر هەموو نێردەکانی حەجی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی".
 
دەستەی حەج و عومرەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نێردەی حەجی عێراق، ئەمساڵیش وەک باشترین نێردە لەنێو نێردەکانی حەجی وڵاتانی زۆرینە موسڵمان دیاری کرایەوە، ئەوەش بەگوێرەی ئەو پێوەر و تایبەتمەندییانەی بۆ حەجی ساڵی 1445ی کۆچی دیاریکرابوو.
 
ساڵی رابردووش نێردەی عێراق بە باشترین نێردەی حەج لە نێو وڵاتانی جیهان دیاریکرابوو.
 
ئەمڕۆ د. تۆفیق ربیعە، وەزیری حەج و عومرەی سعودیە لە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی وەرزی حەج کە وەزارەتەکە بۆ ئۆفیسەکانی کاروباری وڵاتانی زۆرینەی موسوڵمان رێکیخستبوو، خەڵاتی باشترین نێردەی حەجی ئەمساڵی دایە شێخ سامی مەسعود، سەرۆکی نێردەی حەجی عێراق.
 
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ساڵانە بۆ بەڕێوەچوونی حەج کۆمەڵێک پێوەر و تایبەتمەندی دیاری دەکات؛ زۆرترین پێوەرەکان لە لایەن نێردەی حەجی عێراق جێبەجێکرابوون. 
 
لە عێراقەوە بە فەرمی 16 هەزار 145 کەس لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ حەجکردن چوونە سعودیە؛ 19 هەزار و 145 کەسی دیکە بە رێگەی وشکانی لە رێگەی دەروازەی عەرعەرەوە چوون. پشکی ئەمساڵی حاجییانی هەرێمی کوردستان 4 هەزار و 685 هاونیشتمانی بوو.
 
رۆژی سێشەممە، 18-06-2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە کردووە؛ گوتیشی، گەڕانەوەی حاجییەکان لە 21ـی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 3ـی تەممووز بەردەوام دەبێت.
  
سەبارەت بە رێگەی وشکانی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت:"18 هەزار حاجی لە رێگەی پاسەوە دەگەڕێنەوە؛ وەزارەت ئامادەکاری کردووە و چاوەڕێی وەڵامی دەستەی حەج و عومرەی عێراق دەکات بۆ ئەوەی گەڕانەوەیان دەستپێبکات".