کۆشکی سپی: لە هێرشێکی حووسییەکاندا دەریاوانێکی فیلیپینی کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی رایگەیاند، دەریاوانێکی فیلیپینی لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر کەشتییەکی دەریای نێوەڕاست کوژراوە.
رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024 جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند، دەریاوانە فیلیپینییەکە لەنێو کەشتییەکی یۆنانی کە هەڵگری ئاڵای لیبیریا بووە، کوژراوە و "هیچ پەیوەندییەکی بە ناکۆکییەکانی غەززەوە نەبووە."
رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2024 یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "ئۆپەراسیۆنێکمان بۆ کردنە ئامانجی کەشتییەک لە دەریای سوور کردووە. کەشتییەکەمان بە درۆن و مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج."
کۆمپانیای Ambrey کە کۆمپانیایەکی هەواڵگریی تایبەت بە ئاسایشی دەریاییە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کەشتییەکە 126 کیلۆمەتر لە بەندەری (حەدیدە)ی یەمەن دوور بووە کاتێک کراوەتە ئامانج.
کێربی ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی دیکە لە کارمەندانی نێو کەشتییەکە کە هاووڵاتییەکی سریلانکی بووە، بە سەختی بریندار بووە.
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزای خستە سەر سێ کەسایەتی و دامەزراوەی حووسییەکان کە دەستیان لە دابینکردنی چەک بۆ حووسییەکان هەبووە.
حووسییەکان کە بە هێزێکی پاڵپشتیکراوی ئێران دادەنرێن و بەشێکن لە "مقاوەمەی ئیسلامی،" لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە وەکو هاوسۆزییەک بۆ هاووڵاتییانی فەلەستین هێرشەکانیان بۆ سەر رێڕەوە ئاوییەکانی دەریای سوور دەستپێکرد.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە نێوەڕاستی نۆڤەمبەری رابردووەوە حووسییەکان نزیکەی 190 جار هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی کە بە دەریای سووردا تێپەڕیون.
رۆژی حەوتی ئەم مانگە حووسییەکان رایانگەیاند، لەگەڵ مقاوەمەی عێراقی دوو هێرشی هاوبەشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە بەندەری حەیفای ژێردەستی ئیسرائیل.
حووسییەکان کە لە ساڵی 2014وە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی موقاوەمە" دەزانن.
هێرشی حووسییەکان کەشتییە بازرگانییەکانی ناچار کردووە خۆیان لە دەریای سوور بەدووربگرن، کە رێڕەوێکی گرنگە و 12%ی کۆی بازرگانیی جیهانی پێدا دەڕوات.
ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هێرش و زیانەکانی حووسییەکان، بە هاوبەشیی چەند وڵاتێک هاوپەیمانێتییەکی بۆ پاراستنی دەریای سوور راگەیاندووە، لەوانەش بەریتانیا، بەحرێن، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نەرویج، یۆنان و ئیسپانیا.