شەڕڤان دەروێش: هێزی تورکیا نەهاتووەتە منبج و گوندەکانییەوە

رووداو - هەولێر

گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی منبج دەڵێت، ئاگاداری جوڵەی سەربازیی تورکیان بەڵام ئەو چالاکیانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی قەڵغانی فوراتدایە و هێزی تورکیا نەهاتووەتە منبج و گوندەکانییەوە.

شەڕڤان دەروێش، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی منبج بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر چەمی ساجوور دەورییەکانی تورکیا لە باکوور جوڵەیان دەبێت، لە باشووریشەوە یەکەکانی ئەمریکا جموجۆڵیان دەبێت.

بەگوتەی شەڕڤان دەروێش، هێزی تورکیا دەچنە باکووری ساجوورەوە، کە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی قەڵغانی فوراتدایە. هەروەها جوڵەی هێزی ئەمریکیش لە بەرامبەریان لەو دیو چەمی فوراتەوە بەڕێوەدەچێت.

شەڕڤان دەروێش دەڵێت "ئاگاداری ئەو هەنگاوەین، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک روونەدات. ئێمە بەڕوونی دەڵێین هیچ هێزێکی تورکیا نەهاتووەتە منبج و گوندەکانییەوە".

ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە راگەیێندراوێکدا دەستپێکردنی جووڵەی سەربازیی لە دەوروبەری شاری منبج راگەیاند، کە دەکەوێتە باکووری سووریا و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە کە یەپەگە هێزی سەرەکییەتی.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزێکی تورکیا لە سەر رووباری ساچوور دەردەکەوێت کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان منبج و جەرابلووس. 

بەپێی راگەیێندراوەکەی سوپای تورکیا، جموجۆڵە سەربازییەکان لەنێوان منبج و ئەو ناوچانە دەستیپێکردووە کە لە دوای ئۆپەراسیۆنەکانی 2016 و 2017 کۆنترۆڵی کردوون.

مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت ''ئێستا سەربازانمان دەستیان بە گەڕانی خولی کردووە لە ناوچەی نێوان قەڵخانی فورات و منبج. هەروەها قۆناخ بە قۆناخ دەچنە نێو منبجیشەوە. بەپێی قۆناخەکان یەپەگەییەکان لە منبج دەکرێنە دەرەوە. بێگومان ئێمەیش ئاگاداری رەوشەکە دەبین و لە کارەکان دڵنیادەبینەوە. دواتریش بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کاردەکەین". 

بەگوتەی مەولوود چاوشئۆغڵو دەست بە جێبەجێکردنی ئەو پلان و نەخشەڕێگەیە کراوە، کە واشنتن و ئەنقەرە لەبارەی منبج لەسەری رێککەوتوون. چاوشئۆغڵو دەڵێت "لە ماوەیەکی کورتدا نەخشەڕێگەکە لەوێ جێبەجێدەکەین و دواتر دەچینە سەر شارەکانی دیکەش. ئامانجمان ئەوەیە یەپەگە لەو شارانە دەربکەین کە کۆنترۆڵی کردوون، هەروەها ئەو ناوچانە بە ئاسایش و سەقامگیری شادبکەینەوە. هەروەها ئامانجمان رادەستکردنی شارەکانە بە خەڵکی ناوچەکە''.  

داڕشتنەوە: حەکیم داود