لە یەمەن بە مووشەک هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوت

18-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەکی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی دەڵێت، لەنزیک گەرووی بابولمەندەب بە مووشەک هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوت، بەڵام لە جووڵە بەردەوامە.
 
رۆژی شەممە 18-05-2024 کۆمپانیای ئامبرێی تایبەت بە ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، "کەشتییەکی هەڵگری نەوت کە ئاڵای پەنەمای بەسەرەوە بووە، لە دووریی 18 کیلۆمەتر لە شاری موخای یەمەن، لەنزیک گەرووی بابولمەندەب بە مووشەک هێرش کرایە سەری."
 
کۆمپانیا بەریتانییەکە دەڵێت، دوای هێرشەکە ئاگر لەسەر کەشتییەکە کەوتووەتەوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی شانشینی یەکگرتووی سوپای بەریتانیا (UKMTO) دەڵێت، "کەشتیوانەکان سەلامەتن و کەشتییەکەش لە جووڵە بەردەوامە."
 
حووسییەکانی یەمەن کە بەشێکی زۆری یەمەنیان بەدەستەوەیە، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە لە تشرینی یەکەمی 2023، هاوپەیمانێتییان لەگەڵ حەماس دەربڕیوە و بڕیاریان داوە هێرش بکەنە سەر "کەشتییە ئیسرائیلییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا."
 
تاوەکو ئێستا حووسیەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرشە رانەگەیاندووە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگە، عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان، لە گوتارێکدا رایگەیاند، خۆیان بۆ گەڕی چوارەمی بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان ئامادە دەکەن ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان و "کەلـلەڕەقی"یان بەردەوام بن.
 
عەبدولمەلیک حووسی ئاماژەی بەوە داوە، لەدوای "تۆفانی ئەقسا"ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، 156 هێرشیان بۆسەر دەریای سوور و ئیسرائیل کردووە؛ لەوانە 111 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان ئاشکرای کرد، 452 هێرشی ئاسمانی و دەریاییان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان و بەهۆیەوە 40 کەس کوژراون و 35ـی دیکەش بریندار بوون.
 
"کۆتایی هاتنی ئیسرائیل"، ئەو دەستەواژەیە کە سەرکردەکەی حووسییەکان بەکاریهێنا، وەکو رێگەیەک بۆ گەڕانەوەی مافی فەلەستینییەکان و دەڵێت بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە