زەبری دەروونی و جەستەیی منداڵانی غەززە هەڕەشە لە لەنێوچوونی نەوەیەک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە غەززە بە سەرووی 100 هەزار قوربانی و وێرانبوونی نزیکەی 80%ی سەرخان و ژێرخانی؛ جگە لە شڵەژاوی، ترس و نیگەرانی چاوەڕێی منداڵانی ئەو ناوچەیە ناکات.
 
لە دێر بەلح، وێستگە نوێیەکەی کۆچبەرانی هەڵاتووی رەفەح؛ لە ژوورێکی نێو باڵەخانەیەکی وێران هەوڵدەدرێت منداڵانی دابڕاو لە قوتابخانە بە وانەکان ئاشنا بکرێنەوە.
 
مەنال بحێسی، مامۆستا دەڵێت، "خوێندن نییە، هیچ شتێك نییە، زۆربەیان بە بارودۆخێكی قورسدا تێدەپەڕن، ئەم شەڕە تەنیا قوتابخانەکانی وێران نەکردووە، بەڵکو دڵ و دەروونی خەڵکیش، لە هەموویان زیاتر منداڵەکان."
 
پێش شەڕەکە؛ لە غەززەی 360 کیلۆمەتر دووجا و 2.3 ملیۆن دانیشتوو؛ نزیکەی 625 هەزار قوتابی و 20 هەزار مامۆستا لە 600 قوتابخانە هەبوون.
 
لە تشرینی یەکەمی پارەوە؛ خوێندن وەستاوە و بە گوتەی رێکخراوە ناحکومییەکان 90%ی قوتابخانەکان وێران بوون و ئەوانەی کە ماون بوونەتە پەناگە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی سنوورداری ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، ژیانی غەززەییەکان قورستر بووە.
 
تاوەکو ئێستا سەرووی 600 هەزار کەس، لەنێویاندا منداڵان، کە پێشتر ئاوارەی باکوور بوون لە باشوور، ئێستا ئاوارەی باکوور بوونەتەوە.
 
یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "سەتان شوێنمان لە رەفەح کردوونەتە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکەمان فراوانتر دەکەین. شوێنی سەلامەت بۆ خەڵکی سیڤیل دابینکراون. تاکە ئامانجی ئێمە لەنێوبردنی حەماس و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیلە."
 
بە گوتەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هێرشەکەی حەماسەوە نزیکەی 14 هەزار منداڵ کوژراون، 19 هەزاریان بێ دایک و باوک بوون و یەک لەسەر سێی منداڵانی تەمەن دوو ساڵ لە بەدخۆراکییەکی توونددان.