رووداو دیجیتاڵ
33یەمین لووتکەی عەرەبی لە شاری مەنامەی بەحرێن بەڕێوەچوو. جەنگە حەوت مانگییەکەی غەززە باڵی بەسەر لووتکەکەدا کێشابوو؛ تێیدا داوای پێکهێنانی هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز لە غەززە کرا.
محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە گوتی، "پێوستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی خۆی بگرێتە ئەستۆ بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک بەزووترین کات و راگرتنی سەرجەم شەڕانگێزییەکانی سوپای داگیرکار و گەیاندنی هاوکاری."
ئەحمەد ئەبوخەیت، ئەمینداری گشتیی کۆماری عەرەبی گوتی، "بێگومان بۆچوونێکی رەگەزپەستی هەیە. ئەگەر ئەو خوێنەی لە غەززە دەڕێژێت، خوێنی ئەورووپی بووایە، هەرگیز رێگەیان نەدەدا درێژە بکێشێت. راستییەکەی ئەو جەنگە شکستی ئەوانەیە کە پشتگیری لە هەڵسوکەتی ئیسرائیلییەکان دەکەن."
لووتکەکە یەک رۆژ بوو، 22 وڵاتەکەی ئەندام لە یەکێتییەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و پێشنیازیان کرد، دەمودەست شەڕ و پێکدادانەکان کۆتاییان پێ بێت. ئەندامانی لووتکەکە داوایان کرد هێزێکی نێودەوڵەتیی ئاشتیپارێز پێکبێت، سەرجەم هێزەکانی ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە بکشێنەوە، گەمارۆی سەر غەززە هەڵبگیرێت و هاوکارییە مرۆییەکان بەزووترین کات بگەیێندرێن، هەروەها گواستنەوەی بەزۆری دانیشتووانی غەززە رەتدەکەنەوە و پاڵپشتیی راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و گیراوان.
سەرەڕای گوشارەکان، ئیسرائیل لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی نێو کەرتی غەززە بەردەوامە، بەتایبەتی لە رەفەح، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازی خۆی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "تاکە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە گێژاوی شەڕ و ناسەقامگیری، چارەسەری دوو دەوڵەتییە. ئیسرائیل و فەلەستین لەتەنیشت یەک لە ئاشتی و ئارامیدا بژین، کە ئۆرشەلیم پایتەختی هەردوو دەوڵەتەکە بێت."
لەدوای داواکارییەکەی لووتکەی عەرەبی بۆ پێکهێنانی هێزێکی نێودەڵەتی، ئەمریکا پێشنیازەکەی رەتنەکردەوە، بەڵام پشتگیریشی نەکرد و رایگەیاند، ئەو هێزە رەنگە کێشە بۆ ئیسرائیل دروست بکات بۆ لەنێوبردنی حەماس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ