لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ لوبنان دوو منداڵ کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای لوبنان دەڵێت، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر لوبنان، تێیدا دوو منداڵ، بەرپرسێکی حەماس و چەکدارێکی حیزبوڵڵا کوژراون.
 
رۆژی هەینی 17-05-2024 ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنان رایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی نەجاریە و عەدوسییە لەنزیک شاری سیدۆن لە باشووری لوبنان کە 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیل دوورە.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر "ژێرخانی تیرۆریستیی چەکدارانی حیزبوڵڵا." ئاماژە بەوەش دەکات، "ژێرخانەکە چەندین درۆنی تێدابوون و هەڕەشە بوون بۆ سەر فڕۆکەی ئیسرائیلی. حیزبوڵڵا بە ئەنقەست لە ناوچە سڤیل نشینەکان ئۆپەراسیۆن دەکەن و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە."
 
حیزبوڵڵا دەڵێت، "لە هێرشەکە دوو منداڵی سووریایی بە ناوەکانی ئوسامە خالید و هانی خالید کوژراون. چەکدارێکیشمان کوژراوە."
 
ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان - یونیسێف لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان دوو منداڵ کوژران. بەگوێرەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، دەبێت منداڵان بپارێزرێن."
 
میدیای لوبنان دەڵێت، هێرشەکە بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ و باخچەیەک بووە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس، دوای هێرشەکە رایگەیاند، یەکێک لە کوژراوەکان بەرپرسێکی بزووتنەوە فەلەستینییەکەیە. ئەو سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، "شەرحەبیل سەید، بەرپرسی دۆڵی بیقاع بوو لە رۆژهەڵاتی لوبنان. هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی ئەو بەرپرسە بووە."
 
لە تۆڵەی ئەو هێرشە، حیزبوڵڵا رایگەیاند، 50 مووشەکی جۆری کاتیوشایان ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل کردووە.
 
ئیسرائیلیش دەڵێت، سیستمی بەرگری نزیکەی 75 مووشەکی ناسیوەتەوە، کە لە لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون. سیستمەکە بەشێکی زۆری مووشەکاکنی بەرپەرچداوەتەوە.
 
گوتەبێژێکی نەخۆشخانەی ماگن داڤید ئادۆم لە ئیسرائیل گوتی، "لە ئەنجامی هێرشەکانی حیزبوڵڵا دوو کەس لە باکووری ئیسرائیل برینداربوون."
 
دوێنێ پێنجشەممە، حیزبوڵڵا هێرشێکی دیکەی بۆ سەر ئیسرائیل بە مووشەکی جۆری S5 راگەیاند. سەرەتای ئەم هەفتەیەش، بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل لە نزیک شاری تیبەریاس کە 30 کیلۆمەتر لە سنووری لوبنان دوورە، کرایە ئامانج. 
 
باشووری لوبنان و باکووری ئیسرائیل هاوسنوورن، لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە حیزبوڵڵای لوبنان هاوپەیمانیی خۆی بۆ حەماس دەربڕیوە و ناوە ناوە لەگەڵ ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەریەک.
 
هێرشی ئەو دوو لایەنە تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 419 کەس لوبنان کە 82 کەسیان سڤیلن. ئیسرائیلیش دەڵێت 14 سەرباز و 11 سڤیل کوژراون.