نەتەنیاهوو: لە 7 بەرەوە لە جەنگداین و براوەی شەڕەکەشین

18-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی غەززە رایگەیاند، ئەو هێرشەی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە تەنیا سەرەتایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، حکومەتی وڵاتەکەی لە 7 بەرەوە لە جەنگدایە و براوەیشە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئاگربەستی غەززە و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان  رایگەیاند: "ئەو لێدانەی رۆژی سێشەممە، تەنیا سەرەتا بوو." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "لەمەودوا دانوستاندنەکان تەنیا لەژێر ئاگردا بەڕێوەدەچن" و بزووتنەوەی حەماسیشی تۆمەتبار کرد بە هۆکاری ئەو دۆخەی نوێیە، بەوەی دەستپێشخەرییەکانی نوێنەری سەرۆکی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست رەتکردوونەتەوە. 
 
نەتەنیاهوو رایگەیاند: "هێرشەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن تاکو هەموو ئامانجەکانی جەنگ بەدەستدەهێنین کە بریتین لە لەنێوبردنی حەماس تاوەکو چیدیکە نەبێتە هەڕەشە، لەگەڵ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان."
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئازادکردنەکانی رابردوو ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە گوشاری سەربازی پێویستە تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن".  
 
نەتەنیاهوو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردنەوە کە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان پەیوەست بن بە دۆخی نێوخۆی ئیسرائیل و درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتی خۆی و گوتی: "ئێستا ئێمە لە لووتکەی جەنگداین لە 7 بەرەوە و لە شەڕەکەیشدا براوەین. هیچ رامانناگرێت لەبەدەستهێنانی سەرجەم ئامانجەکانی جەنگەکە." 
 
ئەو هەڕەشانەی نەتەنیاهوو دوای هەڕەشەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هاتن کە رایگەیاند، ئەگەر حەماس بە زووترین کات سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکات، رووبەڕووی دۆخێکی نوێ دەکرێتەوە.
 
یسرائیل گاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی: "دەبێت حەماس تێبگات کە گۆڕانکاری بەسەر یاسای یارییەکەدا هاتووە؛ ئەگەر دەستبەجێ سەرجەم بارمتەکان ئازاد نەکات، دەروازەکانی دۆزەخ بەڕوویدا دەکرێنەوە و هەموو هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە ئاسمان، دەریا و وشکانییەوە رووبەڕووی دەبێتەوە تا بە تەواوی لەنێودەچێت." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە