حەماس داوای زیادکردنی چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ غەززە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس داوا لە "گەلانی عەرەبی، ئیسلامی و ئازادیخوازانی جیهان" دەکات چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ غەززە زیادبکەن و دەڵێت، ئیسرائیل ئاگربەستی پشتگوێخست و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە دەستپێکردەوە.
بزووتنەوەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئیسرائیل وێڕای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی پشتگوێخستووە، گوێی "بە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانیش نەداوە" کە دژی ئەم هێرشانەن بۆ سەر کەرتی غەززە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، ئیسرائیل بە چڕی چەند شوێنێکی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، 404 کەس کوژران و زیاتر لە 562 کەسیش بریندار بوون.
دوای هێرشەکە، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی ژمارەیەک بەرپرسی راگەیاند و گوتی، دیارترینیان سەرۆکی حکومەتی کەرتەکە بوو.