prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس داوا لە "گەلانی عەرەبی، ئیسلامی و ئازادیخوازانی جیهان" دەکات چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ غەززە زیادبکەن و دەڵێت، ئیسرائیل ئاگربەستی پشتگوێخست و هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە دەستپێکردەوە.
بزووتنەوەکە راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئیسرائیل وێڕای ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەستی پشتگوێخستووە، گوێی "بە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانیش نەداوە" کە دژی ئەم هێرشانەن بۆ سەر کەرتی غەززە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 18-03-2025، ئیسرائیل بە چڕی چەند شوێنێکی لە کەرتی غەززە بۆردوومان کرد. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، 404 کەس کوژران و زیاتر لە 562 کەسیش بریندار بوون.
دوای هێرشەکە، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی ژمارەیەک بەرپرسی راگەیاند و گوتی، دیارترینیان سەرۆکی حکومەتی کەرتەکە بوو.
بزووتنەوەی حەماس داوا دەکات لە هەموو پایتەختەکانی دنیا و شارەکان، "رێپێوان و چالاکی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای فەلەستین بکرێت بۆ رەتکردنەوەی ئەم هێرشە داگیرکارانەی ئیسرائیل و ناڕەزایی دەربڕین لە دژی تاوانەکانی ئیسرائیل بە پشتیوانیی ئەمریکا".
داواش دەکات، باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە هەموو پایتەختەکانی دنیا گەمارۆ بدرێن و گوشار بخرێتە سەر تەلئەڤیڤ بۆ راگرتنی "جینۆسایدی بەردەوام لەدژی گەلی فەلەستین و کەرتی غەززە".
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد و 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ قۆناخی یەکەمی ئاگربەست بۆ 40 رۆژ چووە واری جێبەجێکردنەوە.
هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوام بوون، بەڵام ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست.
هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند "رەتکردنەوەی بەردەوامی ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماس"ەوە وایکرد هێرشەکان دەستپێبکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ