کۆشکی سپی: حەماس بە ئازادنەکردنی بارمتەکان جەنگی هەڵبژارد

18-03-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لە کەرتی غەززەی فەلەستین دەخاتە ئەستۆی بزووتنەوەی حەماس و دەڵێت، ئەو گرووپە بە رەتکردنەوەی ئازادکردنی بارمتەکان، بژاردەی جەنگی هەڵبژارد.
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، برایان هیوس، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە رایگەیاند: "حەماس دەیتوانی بارمتەکان ئازاد بکات و درێژە بە ئاگربەست بدرێت، بەڵام لەبری ئەوە، ئەو بژاردەیەی رەتکردەوە و جەنگی هەڵبژارد." 
 
هاوکات سامی ئەبو زەهرە، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە رایگەیاند، ئەو هێرشانە هەوڵێکی ئیسرائیلن "تاوەکو حەماس خۆی بەدەستەوە بدات." 
 
ئەو بەرپرسەی حەماس، ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی لەو هێرشانەدا "تێوەگلاوە" و گوتیشی: "ئامانجی ئەو رەشەکوژییە لەلایەن داگیرکارانەوە لە غەززە بۆ ئەوەیە، زیان بە ئاگربەست بگەیێنن و ویستی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و ملکەچی رێککەوتنێک بکرێین کە بە خوێنی غەززەییەکان نووسراوەتەوە." 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 419 کەس کوژراون و سەتانی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەرپرسانی تەندروستیی غەززە دەڵێن، تیمە فریاگوزارییەکان لە گەڕان بەدوای تەرم و بریندارانی دیکە بەردەوامن و چاوەڕێ دەکەن ئەو ژمارەیەش بەرزبێتەوە. 
 
کۆشکی سپی ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە ئیسرائیل پێش هێرشەکە راوێژی لەگەڵ ئەمریکا کردووە و ئیسرائیلیش دەڵێت: "تاوەکو ئەوکاتەی پێویست بکات، ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن".
 
بەگوێرەی حکومەتی ئیسرائیل، حەماس هێشتا 59 بارمتەی لەژێردەستدایە کە ژمارەیەک لەوان کوژرانیان پشتڕاستکراوەتەوە و ئیسرائیل داوای تەرمەکانیان دەکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە