حەماس دەڵێت، سەرۆکی حکومەتی کەرتی غەززە کوژراوە

18-03-2025
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، ژمارەیەک بەرپرس لەنێو ئەو کەسانەدان کە لە بۆردوومانەکەی ئەمڕۆدا لە کەرتی غەززە کوژران، دیارترینیان سەرۆکی حکومەتی کەرتەکەیە. 
 
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئاداری 2025، ئیسرائیل هێرشی کردەوە سەر کەرتی غەززە. بە گوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، 413 کەس کوژراون و 500ـی دیکە بریندار بوون. 
 
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، عسام دعالیس، سەرۆکی حکومەتی کەرتی غەززە، محەممەد ئەبو وەفا، وەزیری ناوخۆی غەززە و بەهجەت ئەبو سوڵتان، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی ئاسایشی ناوخۆ لەنێو کوژراواندان. 
 
لەو بارەیەوە بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو سەرکردانە و ماڵباتەکەیان راستەوخۆ لەلایەن فڕۆکەی هێزی داگیرکەری زایۆنییەوە شەهیدکران".  
 
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە کەناڵی فۆکس نیووزی راگەیاندبوو "ئیسرائیلییەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەویان بۆ سەر غەززە راوێژیان بە ئیدارەی ترەمپ و کۆشکی سپی کرد." حەماسیش لە راگەیێندراوەکەیدا رەخنەی لە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە گرت. 
 
رۆلاندۆ گۆمێز، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "سکرتێری گشتیی تووشی سەرسوڕمان بووە بە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و داوادەکات رێز لە ئاگربەست بگیرێت، پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان بێ هیچ بەربەستێک بگەیێندرێن و بارمتەکان بەبێ مەرج ئازادبکرێن". 
 
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد و 19ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ قۆناخی یەکەمی ئاگربەست بۆ 40 رۆژ چووە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوام بوون، بەڵام ئیسرائیل و حەماس نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست. 
 
هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند "رەتکردنەوەی بەردەوامی ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماس" وایکرد هێرشەکان دەستپێبکەنەوە. 
 
حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "حەماس بەردەوام رەتیکردووەتەوە بارمتەکانمان ئازادبکات، هەروەها هەموو ئەو پێشنیازانەشی رەتکردنەوە کە لەلایەن ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان خرانەڕوو."
 
ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکان "بە هێزێکی سەربازیی گەورەترەوە" بۆ سەر غەززە بەردەوام دەبن. 
 
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن."
 
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، ئامانجی ئیسرائیل لەم هێرشە دا "فەرماندە پلە مامناوەندەکان، سەرکردەی سیاسی و ژێرخانی تیرۆرستیی حەماسە".
 
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە، هێرشەکان لە سنووری هێرشی ئاسمانیدا نامێننەوە، بەڵکو فراوان دەبن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیفی بۆردوومانکردنی لوبنان لەلایەن ئیسرائیل.

ئیسرائیل: رۆژهەڵات و باشووری لوبنانمان بۆردوومانکرد

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، چەند پێگەیەکیان لە رۆژهەڵات و باشووری لوبنان بۆردوومان کردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ئاگربەستی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، شەڕی لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا راگرت.